وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوندی تورکیا سەردانی سعودیە دەکەن
K24 - هەولێر:
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی و ئابووری تورکیا و حەفیزە گایا ئەرکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا ئەمڕۆ سەردانی سعوودیە دەکەن و ئەو سەردانەش بەر لە سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیایە بۆ ریاز، کە بڕیارە لە رۆژانی 17 بۆ 19ـی ئەم مانگە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەردانی سعوودیە بکات.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆل، لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا محەمەد شیمشەک وەزیری دارایی و ئابووری تورکیا لەگەڵ محەممەد جەدعان هاوتا سعوودییەکەی کۆدەبنەوە.
هەفتەی رابردووش محەممەد شیمشەک وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی قەتەریان کرد و چەندین دۆسیەیان لەسەر هەماهەنگی ئابووری تاوتوێکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردبووەوە، پێشبینی ئەنقەرە رێککەوتنی وەبەرهێنانی راستەوخۆ لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات و قەتەر واژۆ بکات، کە بەشێوەیەکی بەرایی دەیان ملیار دۆلارە و 30 ملیار دۆلاری دیکەش لە سەرجەم بوارەکانی دیکەی وەک وزە و ژێرخانی ئابووری و بەرگری.