3 رێگا ئه‌یسه‌ری له خولی كوردستانه‌وه گه‌یانده خولی ئه‌ورووپا
له گۆشه‌ی "كوردستار"ـی ئه‌مجاره‌ی كوردستان24، ئه‌یسه‌ر قاسم ئه‌ستێره‌ی كوردی یانه‌ی دالكوردی سویدی ئه‌و 3 رێگایه ئاشكرا ده‌كات كه له خولی كوردستانه‌وه گه‌یاندوویه‌تیه خولی ئه‌ورووپا، ده‌شڵێت: یاریزانی كورد خه‌ونی گه‌وره‌ی نییه بۆیه پێش ناكه‌وێت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ببمه لیۆنێل مێسی كوردان.
له كه‌له‌كچیه‌وه به‌ره‌و سوید
ئه‌یسه‌ر قاسم، به‌هره‌مه‌ندێكی كورده، له مانگی ئه‌یلوولی 2002 له شاره‌دێی كه‌له‌كچی سه‌ر به پارێزگاری دهۆك له دایكبووه، وه‌كو خۆی ده‌ڵێت به پاڵپشتی خێزان و مامه‌كانی ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ تۆپی پێ په‌یدا كردووه و دواتر له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و رۆژ، به‌هره‌كانی ته‌قییه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌یسه‌ر ده‌ڵێت: ماڵباته‌كه‌م به‌تایبه‌تی مامه‌كانم زۆر له‌گه‌ڵ من ماندووبوونه، به‌ڵێنم داوه له داهاتوو به پێشكه‌شكردنی ئاستێكی به‌رزتر قه‌ره‌بووی ڕه‌نج و ماندووبوونی خێزانه‌كه‌م بكه‌مه‌وه.
له خولی كوردستانه‌وه به‌ره‌و خولی ئه‌ورووپا
ئه‌یسه‌ر قاسم له 2016 كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی 14 ساڵ بوو یاریی بۆ زێره‌ڤانی ده‌كرد، پاشان درێسی یانه‌ی زاخۆی پۆشیوه، دواتر له رێگه‌ی یانه‌ی هه‌ندرێنه‌وه خۆری ئه‌یسه‌ر هه‌ڵهات، به‌وپێیه‌ی ئه‌یسه‌ر له باڵه‌كان یاریی ده‌كرد، رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو له خێراكردنی ڕیتمی هێرشه‌كانی یانه‌ی هه‌ندرێن، هه‌میشه وه‌كو چه‌كیكی كاریگه‌ری یانه‌كه ده‌رده‌كه‌وت، ئه‌گه‌رچی هێرشبه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام 4 گۆڵ و 5 ئاسیستی بۆ هه‌ندرێن كرد و به‌شداریی له زۆربه‌ی گۆڵ و هێرشه‌كانی هه‌ندرێندا ده‌كرد.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆییه‌كی، یه‌كسه‌ر ئۆفه‌ری له ئه‌ورووپاوه پێگه‌یشت
ئه‌وكاته‌ی ئه‌یسه‌ر قاسمی 23 ساڵ له خولی نایابی كوردستان یاریی بۆ هه‌ندرێن ده‌كرد، تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئه‌و یاریزانه ده‌كه‌وێته به‌رچاوی ده‌سته‌ی هونه‌ری دالكوردی سویدی، راسته‌وخۆ ئۆفه‌رییان پێشكه‌ش كرد و گرێبه‌ستێكیان بۆ سێ ساڵ تا هاوینی 2025 له‌گه‌ڵ واژۆ كرد.
ئه‌یسه‌ر به 3 رێگا خۆی له‌گه‌ڵ دالكورد گونجاندووه
ئه‌یسه‌ر قاسم له به‌رسیڤێكی كوردستان24 ئاشكرای كرد سه‌ره‌تای خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ دۆخی دالكورد زۆر قورس بووی، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له سوید كه‌شوهه‌وا زۆر سارده، ئاستی خوله‌كه‌ش زۆر به‌هێز بوو، به‌ڵام به 3 رێگا توانیم خۆم له‌گه‌ڵ یانه نوێیه‌كه‌م بگونجێنم، یه‌كه‌میان له رێگه‌ی رێكخستنی خه‌و، دووه‌میان خواردنی ته‌ندروست، پاشان له رێگه‌ی مه‌شق و راهێنانی زیاده توانیم خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه نوێیه بگونجێنم.
ئه‌یسه‌ر: ئێستا عه‌قڵیه‌تی یاریكردنم گۆڕاوه
كوره كورده‌كه‌ی دالكورد وه‌كو یاریزانی یه‌ده‌گ پشتی پێده‌به‌سترێت و ته‌نیا 100 خوله‌ك له خولی سویدی یاریی كردووه، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات راسته یاریزانێكی یه‌ده‌گه، به‌ڵام هه‌ست به‌كاریگه‌ری خۆی ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌یسه‌ر ده‌ڵێت: عه‌قڵیه‌تی یاریكردنم گۆڕاوه، هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌م، له كاتی پشووه‌كان ده‌چمه هۆڵی وه‌رزشی و زیاتر توانای جه‌سته‌ییم پێشده‌خه‌م، متمانه‌م به‌خۆم هه‌یه له وه‌رزی داهاتوو پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر و كاریگه‌رترم له دالكورد هه‌بێت.
ئه‌یسر ده‌شڵێت: خه‌ڵكانێك منیان سارد ده‌كرده‌وه كاتێك بۆ ماوه‌ی 7 تا 10 یاریی سه‌ره‌تام له‌گه‌ڵ دالكورد به‌شدارییم له هیچ خوله‌كێك نه‌كرد، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م ره‌خنانه منیان سارد نه‌كرده‌وه و زیاتر به‌هێزیان كردم، هه‌وڵی زیاترم دا، خۆشبه‌ختانه به‌شداریی یارییه‌كم كرد و یه‌كه‌مین گۆڵم به درێسی دالكورد تۆمار كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه‌م بۆ یانه‌كه‌م مسۆگه‌ر كرد.
خه‌ونی خۆی ئاشكرا ده‌كات
ئه‌یسه‌ر قاسم له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له رێگه‌ی دالكورده‌وه ده‌توانێت له داهاتوو ده‌رگای هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی به‌ڕوویدا بكرێته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: خه‌ونی من ئه‌وه‌یه ئاستێكی به‌رزتر پێشكه‌ش بكه‌م و ناوی كورد زیاتر به‌رز رابگرم، ئامانج ئه‌وه‌یه له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یاریی بكه‌م.
ئه‌یسه‌ر گوتیشی: له داڵكورد هه‌ست به پشتگیرییه‌كی زۆر ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی پێشڕه‌و عه‌زیزی و كاپتن ئه‌میر به‌رده‌وام شتی نوێم فێر ده‌كه‌ن، ده‌توانم ببیمه یه‌كێك له باشترین یاریزانه‌كانی دالكورد و وایان لێ بكه‌م به‌به‌رده‌وامی پشت پێ ببه‌ستن، هه‌رچه‌نده خولی سویدی زۆر به‌هێزه، زۆربه‌ی یاریزانه‌كان گه‌نجن، یاریزانه‌كان زۆرترین كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستێكی به‌رزتر پێشكه‌ش بكه‌ن و خۆیان بسه‌لمێنن.
ئه‌یسه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات له نێو یاریزانه‌كانی دالكورد په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یاریزانی كورد هاروون ئه‌حمه‌د و به‌خیتار ره‌حمانی هه‌یه و ده‌شڵێت: ئه‌م دوو یاریزانه وه‌كو دوو هاوڕێی نزیكم زۆر یارمه‌تیم ده‌ده‌ن.
3 باشترین یاریزانی كورد ده‌ستنیشان ده‌كات
ئه‌یسه‌ر یاریزانه لاوه‌كه‌ی دالكورد پێیوایه شێركۆ كه‌ریم باشترین یاریزانی كورده، هه‌روه‌ها هاروون ئه‌حمه‌د و ئاسۆ رۆسته‌م به باشترینه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستای كورد داده‌نێت.
ئه‌یسه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ورووپا به مێسی سه‌رسامه و ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت ببمه مێسی كورد و زۆر كه‌سیش له‌ڕووی جوڵه و شێوازی هونه‌رییه‌وه پێم ده‌ڵێن یاریكردنت له مێسی نزیكه.
گله‌یی له یاریزانه كورده‌كان ده‌كات
ئه‌یسه‌ر قاسم له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه گله‌یی له یاریزانی كورد ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: یاریزانی كوردی خۆمان به‌داخه‌وه هیچ خه‌ونێكی گه‌وره‌یان نییه و زۆر بچووك بیر ده‌كه‌نه‌وه، هیچ گرینگی به خواردن و خه‌ویان ناده‌ن، ئه‌گه‌ر له یارییه‌ك به‌شداریی نه‌كه‌ن، كاردانه‌وه‌ی خراپیان ده‌بێت و ته‌نانه‌ت مه‌شقه‌كانیش به‌باشی ناكه‌ن.
ئه‌یسه‌ر داوا له یاریزانه كورده‌كان ده‌كات ئامانجی گه‌وره بنیاتبنێن و گرینگی به راهێنانه‌كان بده‌ن، مه‌شق له‌سه‌ر به‌هێزكردنی توانای جه‌سته‌ییان بكه‌ن و له كاتی پشوو و ده‌رفه‌ته‌كان سه‌ردانی هۆڵه وه‌رزشییه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی پته‌و بۆخۆیان دروست بكه‌ن.
ئه‌یسه‌ر: شتێك به ناوی خولی كوردستان نه‌ماوه
ئه‌یسه‌ر كه پێشتر بۆ ماوه‌ی 3 وه‌رز له خولی نایابی كوردستان به درێسی یانه‌كانی زێره‌ڤانی و هه‌ندرێن یاریی كردووه، له‌ڕووی كارگێری و هونه‌رییه‌وه زۆر گله‌یی له خوله‌كانی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: یاریگه‌كانی كوردستان زۆر خراپن، یاریزانه‌كان بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر یاریكردنه، كه‌چی كه‌مترین پاره وه‌رده‌گرن، جگه له‌وه‌ش یانه‌كان مافه داراییه‌كانی یاریزانه‌كانیش ده‌خۆن.
ئه‌یسه‌ر گوتیشی: به‌داخه‌وه خولی كوردستان رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و دواوه ده‌چێت، له كاتێكدا خولی عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، له یانه‌كانی كوردستان ده‌ستێوه‌ردان زۆره و هه‌رچی راست ده‌بێته‌وه خۆت لێده‌كاته كارگێری و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیش له وه‌رزش بزانێت، له‌ڕووی كارگێرییه‌وه بۆ نموونه له یانه‌یه‌كی وه‌كو داڵكورد ته‌نیا 2 كه‌س كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و دیارن، به‌ڵام له یانه‌كانی كوردستان بێسه‌روبه‌ری زۆر هه‌یه.
ئه‌یسه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات لاری نییه ئه‌گه‌ر له داهاتوو بۆ هه‌ر یانه‌یه‌كی كوردی به‌شداربووی خولی نایابی عێراق یاری بكات، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌موو یانه كوردییه‌كانم خۆشده‌وێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له خولی نایابی عێراق یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام زیاتر حه‌زم له یانه‌ی زاخۆیه.
باشترین یانه‌ی كوردستان له‌ڕووی كارگێرییه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات
ئه‌یسه‌ر قاسم، پێیوایه یانه‌ی هه‌ندرێن له‌ڕووی ئیداره‌دانه‌وه له هه‌موو ئه‌و یانانه سه‌ركه‌وتووتره كه پێشتر یاریی بۆ كردوون، ده‌شڵێت: سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ندرێن حاكم جه‌مال هیچ كاتێك پاره‌ی یاریزانه‌كان ناخوات و به‌رده‌وام به زیاده‌وه پشتگیری یاریزانه‌كان ده‌كات، له ماوه‌ی ئه‌و وه‌رز و نیوه‌ی یارییم بۆ هه‌ندرێن كردووه زۆر ئاسووده‌بووم له‌گه‌ڵیان.
به‌راوردی نێوان راهێنه‌ری كورد و ده‌ره‌وه ده‌كات
ئه‌یسه‌ر له‌باره‌ی جیاوازی نێوان راهێنه‌ری كورد و ده‌ره‌وه رایگه‌یاند له دالكورد هه‌موو رۆژێك راهێنه‌ر گفتووگۆ له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان ده‌كات، به واتای وشه ده‌بێته هاوڕێی یاریزانه‌كان، به‌ڵام له كوردستان نا‌توانیت راسته‌وخۆ قسه له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر بكه‌یت، ده‌بێت سه‌ره‌تا تێبینییه‌كانت به یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر رابگه‌یه‌نێت.
ئه‌یسه‌ر ده‌شڵێت: راهێنه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه پێش هه‌ر یارییه‌ك خاڵی لاواز و به‌هێزی تیپی به‌رامبه‌ر، له‌گه‌ڵ لایه‌نه باش و خراپه‌كانی ئه‌و تیپه‌ی رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه به داتاشۆ بۆمان ده‌ستنیشان ده‌كات و به‌رچاوڕوونییه‌كی ته‌واومان پێده‌دات.
ئه‌یسه‌ر هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات راهێنه‌رانی كورد له‌ڕووی بیركردنه‌وه و ئاست هه‌موویان وه‌كو یه‌كن، ته‌نیا سه‌میر بابۆ جیا ده‌كاته‌وه و پێیوایه زۆر سه‌رنجراكێشه و باشترینی كوردستانه.