بە گوژمەی 25 ملیار دینار پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری کۆیە کراوە

K24 – کۆیە:
لە چوار ساڵی ڕابردووداو لە ماوەی دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە گوژمەی 25 ملیار دینار کاری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگای قیڕتاوی لەسنووری شارۆچكەی کۆیە جێبەجێ کردووە.
کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە، بو کوردستان24ـی راگەیاند، "پێش ساڵی 2019 بارودۆخی رێگاوبانەکانی کۆیە زۆر خراپ بوو، لەماوەی کابینەی نۆیەمدا جگەلە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگا سەرەکییەکان، رێگای 22 گوندی سنووری کۆیەمان قیڕتاوکردووە کەپێشتر قیڕتاو نەبوون.
لە چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێگاوبانەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار و شارۆچکەکان جێگای بایەخی حکومەت بوون، رێگای ئەو گوندانەش کە پێشتر رێگاکانیان خراپ بووە و لەمێژووی دروستبوونیانەوە رێگای قیڕتاویان نەبووە، لە ئیستادا رێگای قیڕیان بۆ دروستکراوە.
لە چوار ساڵی رابردوو، رێگاکانی سنووری کۆیە بەگشتی نۆژەن کراونەتەوە، رێگا سەرەکییەکانی دەشتی کۆیە، رێگای تەقتەق و رێگای کۆیە-هەولێر ، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی رێگا سەرەکییەکان .
زۆرینەی گوندەکانی دەشتی کۆیە، کۆتایی ساڵی 80ـکان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتون و گوندەکان تێکدران، دوای راپەرین بەشێکیان ئاوەدان کرانەوە بەڵکو زۆرینەیان رێگای سەرەکیان قیرتاو نەبووە، ھەوڵی حکومەت فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و راکێشانی رێگای قیرتاوە بۆ گوندەکان تا گوندنشیان ھان بدات لەسەر موڵک و زەویەکانیان بمێننەوە و گرنگی بەکشتوکاڵ بدەن.