محەممەد عەبدولقادر: لەساڵی رابردوو 250 ملیار دیناری خەرجی ناپێویستمان کەمکردووتەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمدا ئێمە خەرجییەکانمان رێکخستووەتەوە، هاوکات گووتیشی: "لە ساڵی رابردوو 250 ملیار دیناری خەرجی ناپێویستمان کەمکردووەتەوە".
محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، خەرجییەکانیان رێکخستوەتەوە و بە شیوازێکی دیکە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان خەرجکراوەتەوە.
هەروەها راشیگەیاند، لەساڵی رابردوودا 250 ملیار دیناری خەرجی ناپێویستیان کەمکردووتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، روونیکردەوە، ئەو خەرجە ناپێویستیانەی کە کەمکراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابینیکردنی مووچەی فەرمانبەران بەکارهاتووەتەوە، هەروەها %80ـی داهات بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکارهاتووە.
لەبارەی سیستمی دیجیتاڵی، محەممەد عەبدولقادر، گووتی: "لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان کاغەز بەکار ناهێندرێت و سیستمی ژمێریاریمان بە دیجیتاڵی کردووە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دجیتاڵیکردنی سیستم بووە لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتین و بەڕێوەچوونی کارەکان بە شیوازێکی باشتر".
هاوکات گووتیشی: "لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانیش دەکەینە سیستمی دیجیتاڵی".