چی لەسەر رۆژی باستیل دەزانیت؟

رووداوەکانی ئەو رۆژە کۆتاییان بە سیستەمی پادشایەتی فەرەنسا هێنا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 234ـهەمین ساڵیادی رۆژی باستیڵ ناسراو بە (رۆژی نیشتیمانی فەرەنسا) بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

رۆژی باستیل مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789، ئەوکات شۆڕشگێڕانی فەرەنسا لە 14ی تەمموزی 1789 هەڵیانکوتایە سەر قەڵا و بەندیخانەی باستیل لە پاریس و هەوڵی کۆنتۆڵکردنیاندا، پاش شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر پارێزگاری باستیل رێگەی بە شۆڕشگێڕاندا بچنە ناو قەڵاکە و پاشان بەدەستی شۆڕشگێڕە فەرەنسییەکان کوژرا و زیندانییەکانیش ئازاد کران.

دوای رووداوەکانی ئەمڕۆژە، سیستەمی پادشایەتی لە فەرەنسا کۆتایی هات.

ئەو رووداوە بە رۆژی باستیڵ یان (رۆژی نیشتیمانی فەرەنسا) ناسرا و ساڵانە بە ڕێورەسمێکی شایستە و بە ئامادەبوونی بەرپرسان و سەرۆکی وڵات لە پاریسی پایتەخت یادی دەکرێتەوە.

رۆژی باستیل لەلای فەرەنسییەکان و بەشێك لە گەلانی دیکەی جیهان بە گەورەترین رووداوی سەدەی هەژدەیەم دادەنرێت.

ئەمڕۆش لە یادی رۆژی باستیل، بە مەبەستی نمایشی سەربازی، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە شەقامەکانی پاریس بڵاوەیان پێکراوە.