فەوزی هەریری: رای نەتەوەیەکگرتووەکان وایە کۆمیسیۆن دەتوانێت ئەمساڵ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە گفتوگۆ و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامن بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاشکرایکرد، رای نەتەوەیەکگرتووەکان وایە کۆمیسیۆن دەتوانێت ئەمساڵ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات.
رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقمان کرد لە بەغدا و بۆچوونی جیاوازیان هەبوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆیە دوای ئەو دانیشتنە بانگهێشتی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ زیاتر گفتوگۆکردن.
فەوزی هەریری جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەوان جەختیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 18ـی تشرینی دووەم بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی کردووەتەوە و رازیش بوون لەسەر ئەوەی لە 18ـی کانوونی یەکەم لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن وادەی هەڵبژاردنی یەکلایی نەکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ جنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و پسپۆرانی هەڵبژاردنی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە و ئەوان بڕوایان وایە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە توانایدایە ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەببات.
رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە بهپێى فهرمانى ههرێميى ژماره (90) له (26ـی ئاداری 2023)، بڕياردراوه ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان لە رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بهڕێوەبچێت، بۆ ئهو مهبهستهش داواى كردووه كۆميسۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردن لهو رۆژەدا، یاخود لهگهڵ ههڵبژاردنى ئهنجوومهنى پارێزگاکانی عێراق له (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.
رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگهڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له ئامادهكارییهكان و پشتیوانی لهمبارهیهوه كرد".
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەم مانگەدا دهست به تۆماركردنی هاوپهیمانیەتی حزبەکان دەکرێت.