دەستەی حەج و عومرەی عێراق: سەرجەم حاجییان بە سەلامەتی گەڕانەوە

گەڕانەوەی حاجییانی عێراق
گەڕانەوەی حاجییانی عێراق

K24 – هەولێر:

دەستەی حەج و عومرەی عێراقی گەڕانەوەی دوا کاروانی حاجییانی عێراقی راگەیاند کە پێکهاتبوون لە 260 حاجی و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەیشتنەوە وڵات.

رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، دەستەی حەج و عومرەی عێراقی گەڕانەوەی سەرجەم حاجییانی عێراقی لە وڵاتی سعوودیەوە راگەیاند، دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوا کاروانی حاجییانی عێراقیش ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەیشتنەوە عێراق.

هاوکات دەستەی حەج و عومرەی عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی گەشتەکانی حاجییان لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەی سنووری عەرعەرەوە ئەنجامدران و بەهۆی رێکخستن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە حاجییان، لەلایەن وەزارەتی حەجی سعوودیەوە خەڵاتکراون و لە پێشەوەی شاندی حاجییانی وڵاتانی دیکەوە بوونە.

ئەمساڵ 38 هەزار و 377 حاجی لە عێراقەوە کە چوار هەزار و 685 حاجییان لە هەرێمی کوردستان بوون، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کرد و 14 هەزار و 600 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کرد و ئەوانی دیکەش کە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشتیان کرد.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە گەیشتووەتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن. لە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ، 969 هەزار و 694 حاجی لە رەگەزی نێرن و 875 هەزار و 351 حاجیش لە رەگەزی مێن.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە لەبارەی رەگەزنامەی حاجیانی ئەمساڵەوە، 346 هەزار و 214 حاجی لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە چوونەتە سعوودیە و ملیۆنێک و 56 هەزار و 317 حاجیش خەڵکی وڵاتانی ئاسیان بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان و 221 هەزار و 863 حاجیش لە وڵاتە ئەفریقییەکانەوە بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان ئەمساڵ فەیرزەی حەج ئەنجام دەدەن. هاوکات، 36 هەزار و 521 حاجیش لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە ئێستا لە سعوودیەن.

لەبارەی شێوازی گەشتکردنی ئەو حاجیانە، دەستەی ئاماری سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، ملیۆنێک و 593 هەزار و 271 حاجی لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە سعوودیە و 60 هەزار و 813 حاجیش لە رێگەی وشکانی و شەش هەزار و 831 حاجیش لە رێگەی دەریاییەوە گەشتی ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

Fly Erbil Advertisment