تورکیا هەناردەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات

K24 - ئەنقەرە
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە تورکیا بەرهەم دەهێنرێن، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رێژەکەی بۆ 20% زیادیکردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی تورکیا، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە تا مانگی حوزەیران، بەرهەمەکانیان بۆ زیاتر لە 190 وڵات هەناردە کردووە.
بەگوێرەی داتاکان هەناردەی ئۆتۆمبێل و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022 بە رێژەی 14% زیادیکردووە، لە 15 ملیار و 250 ملیۆن و 785 هەزار دۆلارەوە بۆ 17 ملیار و 337 ملیۆن و 288 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
کۆی هەناردەی وڵاتی تورکیا لە ماوەی ئاماژەپێکراودا 132 ملیار و 376 ملیۆن و 635 هەزار دۆلار بووە، پشکی هەناردەی ئۆتۆمبێل 16.1% بووە.
زیاتر لە %69 بەرهەمی ئۆتۆمبێلی تورکی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، سلۆڤینیا گەورەترین هاوردەکاری ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی تورکیان.