خیانەت، ئاراستەی ڤینیسیۆسی لە بارسێلۆنا بەرەو ریال مەدرید گۆڕی

ڤینیسیۆس جۆنیۆر
ڤینیسیۆس جۆنیۆر

یەکێک لە ئاژانسەکانی بەڕازیل بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و هەموو شتێکی لەبارەی ڤینیسیۆس و بارسێلۆنا ئاشکرا کرد کە هەردوولا تەواو نزیک بوون لە یەکتر بەڵام دواجار یاریزانە بەڕازیلیەکە درێسی ریاڵ مەدریدی پۆشی.

ئاندرێ کۆری بەڕازیلی، کە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانانە و پێشتر وەکو دۆزەرەوەی یاریزانان لە ئەمریکای باشوور بۆ بارسێلۆنا کاری کردووە، دەڵێت: ئێمە هەموو شتێکمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بارسێلۆنا و ڤینیسیۆس بۆ سێ ساڵ واژۆ بکەین، بەڵام لە کۆتا ساتەکاندا نوێنەرەکانی خیانەتیان لێکردین.

ناوبراو دەشڵێت: ئێمە هەموو شتێکمان رێکخستبوو، بەڵام ریاڵ مەدرید زانی کە ڤینیسیسۆس لە بارسێلۆنایە بانگهێشتی کرد بۆ یانەکەی، دەشڵێت: لە راستیدا پێشتر ریاڵ مەدرید ڤینیسیۆسی نەدەناسی، ئەوەبوو ڤینی چووە مەدرید و لە رێگەی بڕیکارەکانی گرێبەستی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کرد و خیانەتیان لێکردین.

ئاندرێ کۆری روونیشیکردەوە کە ڤینیسیۆس بارسێلۆنای خۆش دەویست و دەڵێت: ڤینی پێی وتم کە شەوی بردنەوەی بارسێلۆنا لە پاریس سانجێرمان 6-1 گریاوە و فرمێسکی خۆشی رشتووە، ڤینیسیۆس ئەم قسەیەی پێ وتم ئینجا نازانم چی بە ئەوانی دیکە وتووە.

کۆری دووپاتیشیدەکاتەوە دوای خیانەتەکەی ڤینیسیۆس، بارسێلۆنا هەوڵیدا رۆدریگۆ گۆس هاونیشتمانییەکەی ڤینی بگوازێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ سانتۆس کرد، بەڵام گرێبەستەکە واژۆ نەکرا، ئەو کاتەش ریاڵ مەدرید بە ئۆفەرێکی گرانبەهاتر چووە نێو رکابەرییەکە و یاریزانەکەی لە دەستی بارسێلۆنا رفاند.

ئاندرێ کۆری هاوکاری بارسێلۆنا بوو بۆ ئەوەی لە 2013 نێیمار لە سانتۆسەوە بگوازنەوە ریزەکانیان و لەم هاوینەش توانی ڤیتۆر رۆکی یاریزانی لاوی بەڕازیلی بباتە ریزەکانی بارسێلۆنا.

 

Fly Erbil Advertisment