نەوزاد شێخ کامیل: ئەو لیژنەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکهێنراوە دەستبەکاربووە

K24 - هەولێر
دوێنێ 14ی تەممووزی 2023، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران پێکهێندراوە و لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی سایلۆ و لایەنە پەیوەندارەکان کۆدەبێتەوە بۆ پاراستنی مافی جووتیاران، ئەمڕۆ لیژنەکە دووەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات و بۆ بڕیاردان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەدەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت پێکهێنراوە لە دوێنێوە دەستبەکاربووە، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی تێدایە، ئێستا خەریکی وردبینین لەسەر ئەو دۆسیانەی کە پێشکەش کراون، هاوکات گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێکی خێرا بدۆزینەوە بۆ ئەو گەنمەی جووتیاران کە تائێستا لە سایلۆکان وەرنەگیراوە".
گوتیشی: "ئەو گەنمەی جووتیاران کە وەرنەگیراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەری دەگرێت، بۆ ئەوەی رەنجی جووتیاران بە خەسار نەچێت، ئەو بڕەی کەماوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی خۆشناو و قەیوان رێککەوتین کە بڕە پارەیەکی دیاریکراو وەریبگرن".
نەوزاد شێخ کامیل، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکە کۆبوونەوەی دووەم دەکات و بۆ ئەوەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیا قسە بکرێت و پێیان بگوترێت بڕیارەکە چۆنە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران".