تەڵعەت تاهیر شیعر بۆ کەرکووکییەکان دەخوێنێتەوه

تەڵعەت تاهیر، نووسەر و شاعیر
تەڵعەت تاهیر، نووسەر و شاعیر

K24 - هەولێر:

بڕیارە رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023) کاتژمێر 4:30 خولەک، نووسەر و شاعیر "تەڵعەت تاهیر" لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک بە سەرپەرشتی  بۆردی چالاکییەکان چەند پارچە شیعرێک بۆ ئەوین و دڵداری و ئازارەکانی ژیان بخوێنێتەوە.

لە کۆڕە شیعرییەکەدا شاعیر، چەند پارچە شیعرێکی نوێ و بڵاونەکراوەی بۆ یەکەمجار لەو ناوەندە شیعرییەدا بۆ عاشقانی شیعر و وشەی کوردی دەخوێنێتەوە و بەشێک لە شیعرەکانیش سەربوردەی کەسایەتیە کۆنەکانی قەڵا و گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێرە، جگە لە بەسەرهاتەکانی ژیانی شاعیر و یادەوەرییەکانی کە بە شیعر دەریبڕوون.

تەڵعەت تاهیر بۆ کوردستان24 دەڵێت: "زۆربەی ئەو شیعرانەی، کە لەو کۆڕە شیعرییەدا دەیخوێنمەوە، تازەیە و رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی خۆم و تەڵعەتەکانی دیکەی گەڕەکەکەمانە، کە ژیانیان لەسەردەمی رەش و سپیدا جوانتر کرد بە بەرچاوی هەمووان، جگە لە چەند کورتیلە شیعرێکیش کە بۆ کچە شۆخ و عاشقە دڵ تەڕەکان نوسیوومە و سەربوردەی ژیانی زۆر لە کەسایەتیەکانی هەولێرم لە دێڕە شیعرەکانمدا جێکردووەتەوە، ئەمڕۆ بە خۆشەویستیەوە پێشکەشی خەڵکی ئەو شاره جوانەی دەکەم، کە تێنووی شیعر و هونەرە".

Fly Erbil Advertisment