بەشەخۆراکی زیاتر لە 57 هەزار کەس دەبڕدرێت

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد، بەشەخۆراکی 13 هەزار و 741 خێزان بڕدراوە کە لە 57 هەزار و 531 کەس پێکهاتوون، بەهۆی ئەوەی داهاتی مانگانەی سەرۆکی ئەو خێزانانە لە دوو ملیۆن دینار زیاترە.
رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو خێزانانەی داهاتی مانگانەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە.
لەلایەن خۆیەوە، ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لەلایەن کارمەندانی فەرمانگەکەیانەوە، وردبینی بۆ زانیارییانە کراوە کە لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکانەوە بەدەستیان گەیشتووە و لەسەر ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبن.
ئیبتیهال هاشم جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، داوا لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان کراوە، لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کە دوو ملیۆن دینار زیاترە، بۆ فەرمانگەکەیان بنێرن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشەخۆراکی مانگانەیان ببڕردێت.
لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو سەرەوەیان هەیە یاخود هەر لە هەر پلەیەکی فەرمانبەریدا بێت و مووچەی مانگانەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت.