پێشانگەیەکی هاوبەش بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب لە گەلەریی میدیا کرایەوە

K24 – هەولێر:
دیداری رۆشنبیری و هونەری ئەزمەڕ، کە ئەمساڵ دووەم وەرزیەتی، بە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر لە هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد.
لە دەستپێکی کارەکانی دیدارە هونەرییەکەدا، 40 تابلۆی شێوەکاری و 30 وێنەی فۆتۆگرافی و دوو پەیکەر لە گەلەریی میدیا بە بەشداری هونەرمەندانی کورد و عەرەب نمایشکران.
لە پێشانگەکەدا، پەیکەری شاعیری کۆچکردوو "شێرکۆ بێکەس" وەک کانیاوێک لە شیعر و وشەی کوردی پەردەی لەسەر لادرا و پاشان هونەرمەندان قوڵبوونەوە بە نێو داهێنانەکانیان لە بواری شێوەکاری و فۆتۆگرافیی، کە وێنە و تابلۆکان گێڕانەوەی قۆناغە جیاجیاکانی ژیان بوون لە کوردستان و خوارووی عێراق.
رەنا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری دیدارە هونەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئامانج لەو گردبوونەوە هونەرییە هاوبەشە نزیکبوونەوە و گرێدانی چەند پڕۆژەیەکی نێوان خۆمان و شێوەکارانی کوردە، بۆیە لە وەرزی دووەمی دیدارەکەمان بڕیارماندا کارە هاوبەشەکەمان لە هەولێر بێت و لە رێگەی ئەم پێشانگەیەوە پردێکی هونەری لە نێوان هەردوولا دروست بکەین و لە ساڵانی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەکی نوێ بەیەکەوە پێشکەش بکەین.







