بۆ چوارەمین مانگ لەسەر یەک رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رێژەی هەڵاوسانی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە رێژەی 0.6% دابەزیوە کە ئەمەش چوارەمین مانگە لەسەر یەک رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت.

رۆژی یەکشەممە (16ـی تەمموزی 2023)، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێنوێنی نرخی بەکاربەری بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، چوار مانگە لەسەر یەک رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لە دابەزینە.

بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئامار کە تایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە، پێنوێنی نرخی بەکاربەر  بۆ مانگی ئایار لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 112.37 و بەراورد بە مانگی نیسانی پێشخۆی بە رێژەی 0.6% دابەزیوە کە 113 خاڵی تۆمارکردبوو.

ئەم ئامارەش ئەوە رووندەکاتەوە، لە هەرێمی کوردستان دەبێتە چوارەمین مانگ لەسەر یەک دابەزین تۆمار بکات، واتە لە مانگی شوباتەوە پێنوێنی نرخی بەکاربەر دادەبەزێت، بەڵام لەسەر ئاستی ساڵانە بەرێژەی 2.2% بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئامار، هۆکاری ئەو دابەزینە بۆ خواردن و خواردنەوە ناکهولییەکان و چێشتخانەکان و پەیوەندییەکان و نیشتجێبوون دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەردا نرخی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ناو ماڵ بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە.

لە داتاکاندا هاتووە، زۆرترین بەرزبوونەوە لە هەولێر تۆمارکراوە بە رێژەی 0.9%، لە دهۆکیش بە رێژەی 0.6%، لە سلێمانی کەمترین بەرزبوونەوە تۆمارکراوە کە رێژەکەی 0.1% بووە.

Fly Erbil Advertisment