به‌ڵێن فایه‌ق ده‌یه‌وێت ئه‌زموونێكی نوێ تاقی بكاته‌وه‌

به‌ڵێن فایه‌ق: پشتبه‌ستن به‌ خودای گه‌وره‌ و گوێنه‌دان به‌ ڕه‌خنه‌ و راهێنانی به‌رده‌وام، ئاستی منی به‌ جێگیری هێشتووه‌ته‌وه‌

به‌ڵین فایه‌ق گۆڵكاری یانه‌ی سه‌یدسادق
به‌ڵین فایه‌ق گۆڵكاری یانه‌ی سه‌یدسادق

به‌ڵێن فایه‌ق، گۆڵكاری دوو وه‌رزی رابردووی خولی نایابی كوردستان به‌شداریی له‌ گۆشه‌ی ئه‌مجاره‌ی "كوردستار"ـی كوردستان24 كردووه‌، ئه‌م ئه‌ستێره‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ی شاره‌زوور له‌گه‌ڵ سه‌یدسادق ئاستی گه‌یشته‌ لوتكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ سه‌رخستنی یانه‌كه‌ له‌ خولی پله‌دوو تا خولی نایاب.

ناتوانێت له‌ سه‌یدسادق دوور بكه‌وێته‌وه‌

به‌ڵێن فایه‌ق له‌ سه‌یدسادق پێگه‌یشتووه‌، له‌ خولی پله‌دووی كوردستان پێنج گۆڵی بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار كرد، دواتر له‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستانیش پێنج گۆڵی بۆ یانه‌كه‌ تۆمار كرد و گه‌یاندییه‌ خولی نایابی كوردستان، له‌ دوو وه‌رزی رابردووش به‌ درێسی سه‌یدسادق 24 گۆڵ و 9 ئاسیستی تۆمار كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان ئۆفه‌ری گه‌وره‌ی له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پێگه‌یشتووه‌ به‌ڵام ئاماده‌نه‌بووه‌ یانه‌ گه‌وره‌كه‌ی شاره‌زوور جێبهێڵێت.

به‌ڵێن فایه‌ق له‌ كاتی كۆچی به‌ره‌و ئه‌ورووپا

 

هانده‌رانی سه‌یدسادق بۆ له‌ هاندانی یانه‌كه‌یان ساردبوونه‌ته‌وه‌؟

ئه‌و گۆڵكاره‌ لاوه‌ی شاره‌زوور نه‌یشارده‌وه‌ وه‌رزی رابردوو یاریگه‌ی سه‌یدسادق له‌ڕووی هانده‌رانه‌وه‌ گه‌رموگوڕی جارانی نه‌ماوه‌، پێیوایه‌ هانده‌ران له‌ هاندانی سه‌یدسادق ساردبوونه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت: هه‌میشه‌ هانده‌رانی سه‌یدسادق به‌ كردار سه‌لماندوویانه‌ یاریزانی ژماره‌ (12)ـه‌ن، ده‌شزانم به‌هۆی دۆخی ناجێگیری ئاستی تیپه‌كه‌یان نیگه‌رانن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ ڕاهاتوون یانه‌كه‌یان له‌ لوتكه‌ ببینن.

به‌ڵێن بۆ نه‌یتوانی سنووری ئه‌ورووپا ببڕێت؟

به‌ڵێن له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2022 خوله‌كانی كوردستانی جێهێشت و به‌ره‌و ئه‌ورووپا كۆچی كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی سنووره‌كانی ئه‌ورووپا ببڕێت و گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی سه‌یدسادق كرده‌وه‌ و به‌كه‌مترین یاریی پێش ركابه‌ره‌كانی كه‌وته‌وه‌ و لوتكه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرت.

به‌ڵێن فایه‌ق له‌ به‌رسیڤێكی كوردستان24 ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی سه‌ختی ژیان و گوزه‌رانی وایكرد ملی رێگه‌ی ئه‌ورووپا بگرێته‌به‌ر، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ رێگای ئه‌ورووپا تووشی زۆر ناڕه‌حه‌تی و ئاسته‌نگی و سه‌رما و برسیه‌تی بووه‌، دوای چه‌ند مانگێك مانه‌وه‌ی له‌ سنووره‌كانی ئه‌ورووپا، بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و راسته‌وخۆ گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌ی سه‌یدسادق و 14 گۆڵی تۆمار كرد و بووه‌ گۆڵكاری وه‌رزی رابردووی خولی نایابی كوردستان.

به‌ڵێن فایه‌ق ئه‌ستێره‌ی كوردی یانه‌ی سه‌یدسادق

 

چی شتێك ئاستی به‌ڵێنی له‌ لوتكه‌ هێشتووه‌ته‌وه‌؟

به‌ڵێن فایه‌ق هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تاكه‌ شتێك له‌م سه‌رده‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستت به‌جێگیری بهێڵێته‌وه‌، دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ سۆشیاڵ میدیا، ده‌شڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی خۆت پێشبخه‌یت، پێویسته‌ ژینگه‌یه‌كی ده‌روونی ئارام بۆ خۆت بڕه‌خسێنیت، نابێت مێشكت به‌ شتی بێسوود و سۆشیاڵ میدیا ماندوو بكه‌یت، پێویسته‌ لایه‌نی رۆشنبیری گشتیت به‌هێزبكه‌یت، دواتر كار له‌سه‌ر بنیاتنانی جه‌سته‌یه‌كی پته‌و بكه‌یت.

به‌ڵێن ده‌شڵێت: پشتبه‌ستن به‌ خودای گه‌وره‌، گوێنه‌دان به‌ ره‌خنه‌ و راهێنانی به‌رده‌وام، پاڵپشتی خێزان و هاوڕێیه‌كانم یارمه‌تیده‌ری یه‌كه‌می من بوونه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بم‌.

ئه‌و یاریزانه‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له‌ بواری تۆپی پێ ئاستی خۆی به‌ره‌و پێش ببات، پێویسته‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌رێكی باش یاری بكات، ده‌شڵێت: هه‌ندێك راهێنه‌ر هه‌ن به‌هره‌ و رووحی وه‌رزشی یاریزانه‌كان له‌ناوده‌به‌ن و هه‌ندێك راهێنه‌ریشمان هه‌یه‌ ئاستی یاریزانه‌كان به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن.

به‌ڵێن له‌ وڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24 ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له راهێنه‌ران‌ ره‌مزی ساڵح، ئه‌رسه‌لان جه‌لال و كاپتن سه‌لوان رۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌به‌ره‌و پێشبردنی ئاستی. ده‌شڵێت: له‌ نێو هه‌موو راهێنه‌ره‌‌كانی كوردستان زیاتر به‌ سه‌میر بابۆ راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر سه‌رسامم.

به‌ڵێن فایه‌ق

 

حه‌ز ده‌كات ئه‌زموونێكی نوێ تاقی بكاته‌وه‌

به‌ڵێن فایه‌ق له‌ كوردستان جگه‌ له‌ سه‌یدسادق ئاماده‌نه‌بووه‌ یاریی بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ بكات، له‌ دوای ته‌واوبوونی خوله‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی موسڵ كردووه‌ و پێنج گۆڵی له‌ خولی پله‌دووی عێراق تۆمار كردووه‌.

به‌ڵێن ئاشكرای ده‌كات له‌مه‌ودوا بیر له‌و ئۆفه‌رانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ یانه‌كانی به‌شداربووی خولی نایابی عێراق پێشكه‌شی ده‌كرێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت ئه‌زموونێكی نوێ به‌ره‌و خولی نایابی عێراق تاقی بكه‌مه‌وه‌.

به‌ڵێن

 

پێیوایه‌ وه‌رزش له‌ كوردستان به‌ره‌و پێشچووه‌

به‌ڵێن فایه‌ق قه‌ناسه‌كه‌ی سه‌یدسادق پێیوایه‌ ئاستی خوله‌كانی كوردستان به‌ره‌و پێشچووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: خوله‌كان له‌ڕووی رێكخستن و لایه‌نی هونه‌ری و گرینگی پێدانی میدیایه‌كان چه‌ند هه‌نگاوێك چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا پێویستی به‌ رێكخستنی زیاتر هه‌یه و، پێیوایه‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی زۆر هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ڕووی رێزگرتن له‌ پاڵه‌وانی خوله‌كان و پاڵپشتیكردنی ماددیان‌، جگه‌ له‌وه‌ش بوونی كه‌ناڵێكی وه‌رزش به‌ كوالیتییه‌كی به‌رز كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری خوله‌كانی كوردستان ده‌بێت.

به‌ڵێن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كوردستان24 له‌ڕووی گواستنه‌وه‌ی یارییه‌كان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌ سۆشیاڵ میدیا بووه‌ پێشه‌نگ و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ وه‌رزشوانانی كوردستان كرد.

به‌ڵێن

 

باشترین یاریزانی مێژووی كورد ده‌ستنیشان ده‌كات

به‌ڵێن فایه‌ق له‌ وڵامێكی كوردستان24، رایگه‌یاند سه‌رسامه‌ به‌ فێرناندۆ تۆرێس گۆڵكاری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا، ده‌شڵێت: هانده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا و یانه‌ی بارسێلۆنام.

به‌ڵێن له‌سه‌رئاستی نێوخۆی كوردستان پێشتر سه‌رسامبووه‌ ئه‌حمه‌د سالاری یاریزانی پێشووی یانه‌ی سلێمانی، ئێستاش به‌ هاڕوون ئه‌حمه‌دی یاریزانی كوردی یانه‌ی داڵكوردی سویدی سه‌رسامه‌.

به‌ڵێن ده‌شڵێت: لای من دیار ره‌حمان ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر باشترین یاریزانه‌ له‌ مێژووی كورد.

به‌ڵێن