کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بودجە دەستیپێکرد

K24 - هەولێر
کەمێک پێش ئێستا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەستیپێکرد.
دوای ئەوەی دوێنێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای جێبەجێکردنی بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها شاندی حکومەتی عێراق لەلایەن کازم ئەلحەسەنی راوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئاکام فەهمی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە جیا لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە.
گوتیشی: "شاندی حکومەتی هەرێم لەسەر دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکەن، یەکێکان چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراقە، چونکە تائێستا هیچ رێنماییەک لەبارەی جێبەجێکردنی بودجە بڵاو نەکراوەتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەبێت.