یه‌كه‌مین لێدوانی گوندۆگان وه‌كو یاریزانی نوێی بارسێلۆنا

گوندۆگان له مه‌راسیمێكدا وه‌كو یاریزانی نوێی بارسێلۆنا پێشكه‌شی میدیایه‌كان كرا، ئه‌و یاریزانه‌ی پێشووی مان سیتی له یه‌كه‌مین لێدوانی‌دا رایگه‌یاند دوو ده‌یه‌یه سه‌یری یارییه‌كانی بارسێلۆنا ده‌كات، ده‌شڵێت: یاریكردن به درێسی ئه‌و یانه‌یه خه‌ونی منداڵی بووه.
ئیلكای گوندۆگان ناوه‌راستكاری نوێی بارسێلۆنا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه له مێژه خه‌ون به‌وه ده‌بینێت رۆژێكدا بێت یاریی بۆ بارسێلۆنا بكات، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ رۆژێكی تایبه‌ته بۆ من و خێزانه‌كه‌م، زۆر دڵخۆشین و چاوه‌ڕوانییه‌كانمان كۆتایی هات، چونكه ئێمە لە دوو دەیەی ڕابردوودا سەیری بارسا دەکەین، لەوەتەی بچووک بووم خەونی من یاریكردن بووه بۆ بارسێلۆنا.
گوندۆگان ده‌شڵێت: پێشتریش چه‌ندجارێك نزیک بووم له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بارسێلۆنا بكه‌م، به‌داخه‌وه ڕووی نەدا، بەڵام ئەمڕۆ ڕوویدا، هه‌ست به شانازییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌م، هاتوومه‌ته یه‌كێك له باشترین یانه‌كانی جیهان و چێژ له‌و ركابه‌ری و ته‌حه‌دایه نوێیه ده‌بینم.
گوندۆگانی ته‌مه‌ن 32 ساڵ گوتیشی: هەرچەندە تەمەنم دیاریکراوە، بەڵام ئامادەم و هێشتا زۆر شتم هەیە پێشكه‌شی بكه‌م، پێم وایە دەتوانم هێزێكی زیاتر به تیپه‌كه ببه‌خشم.
گوندۆگان له باره‌ی گواردیۆلاوه ده‌ڵێت: كاتێك بڕیاری كۆتاییم له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنم به بارسێلۆنا دا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵ گواردیۆلا کرد، یەکەم کەس بوو کە هه‌واڵی رێككه‌وتنم له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا پێڕاگه‌یاند، سووپاسی گواردیۆلام كرد له ماوه‌ی ئه‌و 7 ساڵه‌ی رابردوو كه یارمه‌تی داوم، پێپ دڵتەنگ بوو به رۆیشتنی من، بەڵام پێموایه دڵخۆشبوو، چونكه پەیوەندیم بە یانە دڵخوازەکەی منداڵییه‌وه كرد، بۆیە پێ‌ب هیوای باشترینی بۆ داهاتوو بۆ خواستم، تا ئێستاش گواردیۆلا هاندەری بارسێلۆنایه و سەیری یارییەکانیان دەکات و، پێی گوتم له بارسێلۆنا پێویستیت بە هەر شتێک هه‌بوو پێم بڵێ بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیت بده‌م.
له باره‌ی لیڤاندۆڤسكی كه پێشتر به‌یه‌كه‌وه له دۆرتمۆند یارییان كردووه، گوندۆگان ده‌ڵێت: دوای یارییەکەی پۆڵەندا و ئەڵمانیا لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی قسەم کرد، کاتێک دەستی کرد بە قسەکردن لەسەر بارسێلۆنا و شارەکە دەمبینی چاوەکانی چۆن دەدرەوشێنەوە و چەندە حەزی لە بوونی لە بارسێلۆنا بوو، بۆیه پێویستم بە قسه‌ی زیاتر نەبوو، چونكه كاردانه‌وه‌كانی رووخساری پەیامێکی زۆر بەهێز بوو.
له‌باره‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ، یاریزانه به ڕه‌چه‌ڵك توركه‌كه‌ی بارسێلۆنا رایگه‌یاند به‌ده‌ستهێنانی جامه گوێچكه‌داره‌كه زۆر قورسه و هاوشێوه‌ی جادوو وه‌سفی كرد.
گوندۆگان زیاتری گوتی: بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ ئه‌وه‌نده قورسه وه‌سف ناكرێت، چونکە لەگەڵ مان سیتی چەند ساڵێک لەمەوبەر ئێمە به‌ربژێر بووین، به‌ڵام سەرکەوتوو نەبووین، چونکە زۆر زۆر قورسە، وردەکاری بچووک زۆرجار هه‌موو ئامانجه‌كانت ده‌گۆڕێت، جاری واهه‌یه به‌هۆی شتێكی بچووك كۆنترۆڵی خۆت له چامپیۆنزلیگ له‌ده‌ست ده‌ده‌یت.
گوندۆگان له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی رۆیشتنی سێرخیۆ بۆسكێتس، هێمای بۆ ئه‌وه كرد ئاماده‌یه له به‌رگری و هێرشبه‌ری هه‌ر كارێكی پێ‌بسپێرن به‌باشی ئه‌نجامی بدات. ده‌شڵێت: چاڤی هێرناندێز لە هەر شوێنێک بیەوێت یاری دەکەم، دڵنیام دەتوانم یارمەتی تیمەکە بدەم.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هاتنی ئێمباپێ بۆ ریال مه‌درید، گوندۆگان رایگه‌یاند گرینگی به‌و بابه‌ته نادات، به هاتنی ئێمباپێ و به‌بێ ئێمباپێش پێموایه ده‌توانن له ریال مه‌درید ببه‌نه‌وه.
یاریزانه نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا گوتیشی: سەرکەوتن بەرامبەر مەدرید وەک یاریزانێکی بارسا هەمیشە خۆشە، لە کۆتاییدا گرنگ نییە کێ یاری بۆ ڕیال مەدرید دەکات، گرنگی پێنادەم، هەروەها پەیوەندی بە ئێمەوە نییە کە لەوێ چی ڕوودەدات.