سۆلاف شەیدا ماڵئاوایی لە ژیان و هونەرەکەی کرد

K24 – هەولێر:
دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەر و ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک و ناڵاندن بەدەست نەخۆشی شێرپەنجەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هونەرمەندی سینەماکار سۆلاف شەیدا لە تەمەنی 37 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان و هونەرەکەیدا کرد.
سۆلاف حەمەغەریب لە نێوەندی هونەری بە سۆلاف شەیدا ناسراوە، لە دایکبووی ساڵی 1987ـە و لە شاری سلێمانی چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە و یەکەم ژووانی هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994، کە بە نواندن دەستیپێکرد و بەشداری لە چەند کارێکی سینەماییدا کرد، لەوانەش ژانی گەل، سێگۆشەی مەرگ و گەڕەکی داهۆڵەکان.
پاشان وەک سیناریست و دەرهێنەر چەند فیلمێکی بەرهەمهێنا بە ناوەکانی کەواتە چاوەڕێ بە، سۆما، مایکرۆفۆن و دەنگدان، جگە لە بواری فیلم لە نێو دراماشدا بەشداری لە دراماکانی ژیلەمۆ، گوڵێکی کاڵتر، دووپشک، چپەی رابردوو، براوە و دۆڕاوەکان، ژوانێک بۆ خۆشەویستی، کێخوا سێوێ و بەیتە باران، کردووە و چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بە فیلمی مایکرۆفۆن بەدەستهێناوە، جگە لە بەدەسهێنانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە فیلمی فرمێسک و خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فیلمی داودا، ئەمڕۆش دوای ئەو ئەزموون و بەخششە بەرچاوەی لە نێو کایەی هونەردا بە نەخۆشی شێرپەنجە ماڵئاوایی لە ژیان، فیلم و هونەرمەندان کرد.
.jpeg)