ئۆکرانیا پێشنیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی بۆ تورکیا کردووە بەڵام بەبێ رووسیا

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە تورکیا پێشنیارێکی ئۆکرانیای پێگەیشت بۆ دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەبێ بەشداریکردنی رووسیا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی نۆڤۆستی رووسی دەڵێت: ئەنقەرە پێشنیارێکی لە کیێڤەوە پێگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەی رێکەوتنەکە.
سەرچاوەکە گوتیشی " نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی بەو بابەتەوە کردووە و هەماهەنگییان لەگەڵدا هەیە، بەڵام لە ئێستادا هیچ بڕیارێک نەدراوە."
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، ئەنجامدانی رێککەوتن بەبێ رووسیا مەترسی ئەمنی هەیە، گوتیشی: "چ وڵاتێک دەتوانێت ئەو مەترسییە هەڵبگرێت".
پیسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئۆکرانیا گوتی، "ئێمە دەربارەی ناوچەیەک قسە دەکەین کە راستەوخۆ نزیکە لە ناوچەی شەڕ و بەبێ گەرەنتیکردنی گونجاو، هەندێک مەترسی لەوێ دەردەکەون، بۆیە ئەگەر رێککەوتنی دانەوێڵە بەبێ رووسیا ئەنجامبدرێت، ئەوا دەبێت ئەو مەترسییانە لەبەرچاو بگیرێت".