نهێنی بەهێزبوونی ماسوڵکەکانی پێدری ئاشکرابوو
پێدری لە دەستپێکی مەشق و ئامادەکارییەکانی ئەم هاوینە بە هێز و بازووی ماسوڵکەکانی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، ناوەڕاتسکارە ئیسپانییەکە بەراورد بە وەرزی رابردوو ماسوڵکەکانی گەورەتر بوون.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، مانگی رابردوو کاتێک پێدری گەڕایەوە بارسێلۆنا و دەستی بە راهێنانەکانی کرد، بە ماسوڵکە بەهێزەکانی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە جگە لەوەی بووەتە خاوەنی جەستەیەکی پتەو و ماسوڵکەی بەهێز، حەوت کیلۆش لە کێشی زیادی کردووە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە نهێنییەکەی پێدری ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، پێدری لە پشووی ئەم هاوینەیە ڤێلایەکی لە شاری تینێرفی بەکرێ گرتبوو، لەو ڤێلایەدا هۆڵیکی گەورەی یاریی لەشجوانی تێدابوو، بەردەوام پێدری بە رێنمایی راهێنەرە تایبەتەکەی مەشق و راهێنانی کردووە بۆ ئەوەی کێشی زیاد بکات و لە رووی توانای جەستەییەوە بەهێزتر بێت، کە وەرزی رابردوو چەند جارێک بەهۆی لاوازی توانای جەستەیی تووشی پێکان دەبوو.
وەرزی رابردوو پێدری دوو جار تووشی دوو پێکانی قورس بوو، نزیکەی 110 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، هەردوو پێکانەکەشی بەهۆی گرژبوون و شەکەتبوونی ماسوڵکەکانی بوون.
پێدری کە ساڵی 2021 خەڵاتی گۆڵدن بۆی و کۆپای وەکو باشترین یاریزانی لاوی جیهان بەدەستهێنا، چاوی لەوەیە لە وەرزی نوێ لەگەڵ بارسێلۆنا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و زیاتر بدرەوشێتەوە، وەرزی رابردوو لە 35 یاری حەوت گۆڵ و ئەسیستێکی کرد.