سلێمانی.. بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 پێشانگەی کاری دەستی بەڕێوەچوو

K24 – سلێمانی:

دامەزراوەى میدیایی کوردستان 24 لەچوارچێوەى یادی چوارساڵەى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کودستاندا، لە سلێمانی سەرپەرشتی پێشانگەیەکى کرد کە تایبەت کرابوو، بۆ بەرهەمی ئەو کەسانەی لە بواری کاری دەستیدا بەهرەمەندن، خاوەن پیشە و دەست رەنگینەکان لە سلێمانى بەشداربوون، بەشداربووانی پیشانگەکە دووپاتیان لەوەکردەوە، کە گرنگیدان بە کاڵا و بەرهەمەکانیان، دەرفەتى هەلی کار و بازاڕێکی باشیان بۆ دەڕەخسێنێت.

بەناونیشانی "لە پێناو کوردستانێکى بەهێزتر، هەرکەس هونەرێکى هەیە پیشانى بدات"، لە بینای کارگەى کۆنی جگەرە لەسلێمانى پێشانگەیەکی کاری دەستی بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، بەڕێوەچوو، لە پێشانگەکەدا خاوەن پیشەو دەستڕەنگینەکانى شار بڕاندەکانیان نمایش کرد، هەروەها بەشداربووانی ئەم پێشانگەیە ئەم هەنگاوەیان بە دەرفەتێکى جیاواز و گرنگ وەسف کرد.

شینێ ئەبوبەک، خاوەن بڕاند و یەکێک لە بەشداربوونی پێشانگەکە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کردنەوەی ئەم پیشانگەیەی بە کارێکی باش وەسف کرد ، وەک خۆی ئاماژەی پێدا، خەڵکی دێت و لە نزیکەوە کارەکانی بەشداربوونی پێشانگەکە دەبینێت و ئەو رەنگە جوانەی کارەکان دەبینێت، بینینی بەرهەمەکان لە نزیکەوە دەبێتە هۆی پەیدابوونی دروستبوونی متمانە بۆ کڕیاران و راستەخۆ ئەو بەرهەمەی کە بەدڵیانە دەیکڕن.

شادى سەڵاح، بەشداربوویەکی دیکەی پیشانگەی کاری دەستییەکەی سلێمانی ،گوتی: "بۆ کاری دەستی کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە زۆر گرنگە، هەروەها پەرەپێدانێک و یارمەتیدانێکە بۆ گەنجان بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە کاری دەستی بدرێت، بەرهەمەکانی کاری دەستی زۆر ناوازە و جیاوازن وەک لەو بابەتانەی کە لە بازاڕدا هەیە".

دەست رەنگینە نادیارەکان زۆرن لە سلیمانی، ئەمجارە دامەزراوەى میدیایى کوردستان 24 دەرفەتێکى  رەخساند تا خاوەن کارو دەست ڕەنگینەکانى سلێمانى، كار و بەرھەمەكانیان دەربخەن، بەو ئامانجەى بتوانن زیاتر کارەکانیان بەبازاڕ بکرێت و پیشەی دەستی و کارى تایبەتى گرنگی زیاتری پيێبدريت.

هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، سەردانی پێشانگە کاری دەستییەکەی کرد و گوتی: "کردنەوەی پێشانگەکانی کارە دەستییەکان رێگەخۆشکەرە بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ کوردستان".

هەروەها گووتیشی: "داواکارم لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری کە گەشتیارانی خۆیان بهێنن و سەردانی ئەم پێشانگەیەی کاری دەستی بکەن، بەهۆی ئەوەی گەشتیاران ئاشنا دەبن بەو کارە دەستییانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە دەبێتە هۆی نیشاندانی بەرهەمی کولتووری کوردی".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ، باسی لەوەشکرد، سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ ئەم پێشانگەیە دەبێتە هۆی پاڵپشتییەکی باش بۆیان هەم لە رووی دارایی و هەم لەرووی بەردەوامبوونیان، هەروەها پێویستە هانی ئەو گەنجانە بدەین بۆ بەردەوامبوونیان لەو کارە و دەرفەتی باشتریان بۆ بڕەخسێنین، هاوکات لەڕێگەی کردنەوەی پێشانگەی زیاتر بۆیان دەتوانن پەرە بە کارەکانیان بدەن و فراوانتری بکەن.

ئەمەل جەلال، ئاماژەی بەوەشدا "جێگەی دڵخۆشییە کە دوو کەناڵی عێراقی لێرەبوون بە ئێمەیان گووت، "ئەو شتەی کە لێرە دەکرێت لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نییە، هەروەها تەنیا لە مۆڵەکانمان کاری دەستی هەیە کە وەک ئەمانە نیین". بۆیە ئەگەر بێن بۆ ئەم شوێنە دڵنیام ئەم بەرهەمانە دەکڕن".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکەرانی ئەم پێشانگەیەی کارە دەستییەکان ئومێدێک ئەدەن بەخۆیان و بە ئێمەش، چونکە ئەوانە داهاتووی کوردستانن، لە دەستەی گەشتوگوزار لە هەیکەلییەتی تازەی خۆیدا بەشی کارە دەستییەکان یەکێکە لە بەشە بنەڕەتییەکانی، ئێمە وەک گەشتوگوزار ئەمانە بە دەرفەتێکی باش دەزانین هەر یەکە لەو پارچانەی کە دەبینین دەکرێت وەک دیاری بەکاری بهێنن ئەکرێ لە ماڵەوە بەکاری بهێنن، بۆیە داوا لە گرووپاتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم گرووپە گەشتیارییەکانیان بهێنن و سەردانی ئەم پێشانگەیە بکەن.

Fly Erbil Advertisment