کۆنگرەی نیشتمانی لەسەر کەمی ئاو لە عێراق بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

سەرەتای مانگی ئابی 2023، کۆنگرەیەکی فراوانی نیشتمانی لەسەر کەمی ئاو لە عێراق دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی بەردانەوەی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات ٪30 بۆ ٪40 لەسەر ئاستی ساڵانە کەمبووەتەوە.

کۆنگرەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یونیسێف دەکرێت، نەبیل سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە کوردستان 24ی راگەیاند، "بەهۆی ئەو مەترسییە راستەقینەی رووبەڕووی وڵات بووەوتەوە لە رووی کەمبوونەوەی ئاوەوە بۆ چوارەم وەرز لەسەر یەک، وەزرەتەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یونیسێف کۆنگرەیەکی فراوانی نیشتمانی بۆ گفتوگۆکردنی ئەو قەیرانە دەکرێت، ئامانج لەم کۆنگرەیە گەیشتن بە چارەسەریی راستەقینەیە بۆ کەمکردنەوە و زاڵبوون بەسەر کاریگەرییە وێرانکارییەکانی ئەو قەیرانە".

سەحاف، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی کەمبوونی بارانبارین و کەمبوونەوەی ریژەی بەردانەوەی ئاوی رووبارە هاوبەشەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، چوارەم ساڵە عێراق رووبەڕووی خراپترین شەپۆلی وشکەساڵی دەبێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، "کۆنگرەکە رۆژی 2ی مانگی داهاتووە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پسپۆرانی ئاو و کەشوهەوا و ژینگە و چاوەڕواندەکرێت نووێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراق بەشدار بێت".

بەپێی سەحاف، ئامانجی ئەم کۆنگرەیە دانانی کاری پێشینە و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە یەکخستنی پرۆسەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتدا، ئەمەش لە رێگای دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە لە ماوەیەکی گونجاو و دیاریکراودا و دەڵێت "دەمانەوێت ئەمەش لە پێناو رێگریکردن لە زیادبوونی رێژەی هەژاری، بێکاری و دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی و ئابووری وڵات بکەین".

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەم چوارچێوەیەدا باس لە کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەردانی ئاو بۆ نێو ئەو رووبارانە  بەریژەی ٪30 بۆ ٪40 کەمبووەتەوە لەسەر ئاستی ساڵانە و ئەگەرەکە هەیە کەمتر ببێتەوە لە ساڵانید داهاتوودا و هۆکارەکەی بۆ کەمبوونی بەردانی ئاو لالیەن وڵاتانی دراوسێ و کەمبوونەوەی بارانبارین دەگەڕێنێتەوە.

ئەمە لە کاتیکدایە کە عێراق ئەمساڵ لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامبوونی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ رازی بکات پابەندی رێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکان بن، بۆ بەردانەوەی ئاو و بە هەمان مەبەست مانگی ئایاری رابردوو سێیەم کۆنگرەى نێودەوڵەتیى بەغدا بۆ لە پایتەختی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا.

Fly Erbil Advertisment