بارسێلۆنا بڕگه‌ی "ترس" له‌ گرێبه‌ستی یاریزانه‌كان زیاد ده‌كات

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

کارگێری بارسێلۆنا لەسەر داوای چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە بڕگەیەکی لە گرێبەستی ئەو یاریزانانە زیاد کردووە کە بە کاتی یانەکەیان جێدێڵێن، ئەو بڕگەیەش ناونراوە بڕگەی "ترس" کە رێگە بەو یاریزانانە نادات لە لالیگا و جامی شا بەرامبەر بلاوگرانا یاریی بکەن.

چاڤی هێرناندێز لە ترسی یاریزانە لاوەکانی کە بە شێوەی خواستن لە یانەکانی دیکە یاریی دەکەن، بڕگەی ترسی لە گرێبەستەکەیان زیاد کردووە، ئەم بڕگەیە ناهێڵێت ئەو یاریزانانە بەرامبەر یانەکەیان بە درێسی یانەکانی دیکە یاریی بکەن.

بارسێلۆنا لەم ساڵانەی دوایی زۆرینەی یاریزانەکانی بە خواستن پێشکەشی چەندین یانە کردووە، بەڵام هەندێجار هەر لەم یاریزانانەی خۆیان زیانیان پێگەیشتووە، بۆیە یانەکە لەسەر داوای چاڤی راهێنەر بڕگەیەکی لە گرێبەستی ئەو یاریزانانە زیاد کردووە بە ناوی بڕگەی ترس.

بلاوگرانا ئەم هاوینە پابلۆ تۆرێی بە خواستن تاوەکو کۆتایی وەرز پێشکەشی یانەی جیرۆنا کرد، گرێبەستەکە بڕگەی کڕینەوەی هەمیشەیی تێدا نییە، بەڵام برگەی ترسی لە گرێبەستەکەی زیاد کراوە، واتە ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو لە لالیگا و جامی شا بۆی نیە بەرامبەر یانەکەی واتە بارسێلۆنا یاریی بکات. ئەم بڕگەیە لە گرێبەستەکەی عەبدێ لە ئۆساسۆنا و نیکۆ گۆنزالێس لە ڤالێنسیا هەیە.

بەکارهێنانی بڕگەی ترس لە ئیسپانیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام لە بارسێلۆنا بە دەگمەن کاری پێکراوە. هەموو شتێک لە یارییەکەی 9ـی سەرەتای ساڵی 2022 بەرامبەر گرانادا دەستی پێکرد و لەوە کاتەوە چاڤی ناچار بوو بڕگەی ترس بۆ یاریزانەکانی زیاد بکات.

 بارسا لەو یارییە بە گۆڵێک لە پێش ڕکابەرەکەیەوە بوو، بەڵام لە خولەکەکانی کۆتایی گاڤی بە کارتی سوور دەرکرا و گۆڵی یەکسانبوونەوەی لێکرا. کارتە سوورەکەی گاڤی بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکس کویادۆی یاریزانی خۆیان بوو کە بە خواستن لە گرانادا یاریی دەکرد.

کۆیادۆ هیچ بڕگەیەکی ترس لە گرێبەستەکەیدا نەبوو بۆیە بەرامبەر یانەکەی بەشداری کرد و بووە هۆی ئەوەی گاڤی لە یارییەکە دەربکرێت و بووە هۆی یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە. لەو کاتەوە چاڤی داوای لە کارگێری یانەکەی کرد، بڕگەی ترس لە گرێبەستی هەموو ئەو یاریزانانە زیاد بکرێت کە بە خواستن یانەکەیان جێدێڵن.

ئەم بڕگەیە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، شرۆڤەکارانی کەتەلۆنیا پێیانوایە کاتێک چاڤی ئەوەندە ترسی بەرامبەر ئەو یاریزانانە هەیە، بۆچی دەستبەرداریان دەبێت و خۆی سوودیان لێوە نابینێت.