كۆمپانیای سۆمۆ: لە رێگەی وەزارەتی نەوته‌وه لێكۆڵینه‌وه له میکانیزمەکانی مامه‌ڵه‌كردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ین

K24 - هەولێر:
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو به سۆمۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، لێكۆڵینه‌وه له میکانیزمەکانی مامه‌ڵه‌كردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ده‌كه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمپانیای سۆمۆدا هاتووه، بەپێی ماددەی 12 خاڵی دووەمی (ئه‌لف، ب، ج، د، هـ) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024، و 2025، هەنگاوی پێویست نراون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی سەرەوە، بە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی.
سۆمۆ جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، به‌گوێره‌ی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان بەغدا و هەولێر، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نه‌وت رادەستی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردەی بکات و داهاتەکەی بخاتە سەر ئه‌ژمارێك لە بانکی ناوەندی عێراق، دواتر پشکی کوردستان لە بودجە مانگانە دەگوازرێتەوە بۆ هەژمارێکی تایبەت بەناوی حکومەتی هەرێمەوە.
له 25ی ئاداری رابردووه‌وه تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه، به گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه دابینبكرێت.
رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە.
پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.