واشنتن پۆست: ئەمەریکا لە ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکرانیا پەلە ناکات

K24 - هەولێر:
حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا مووشەکی دوورمەودا رەوانەی ئۆکرانیا بکات.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، هیچ گۆڕانکاییەک بەسەر سیاسەتی ئەمەریکا نەهاتووە و ئیدارەی بایدن لە ناردنی مووشەکی ئاتاکمس بۆ کیێڤ پەلە ناکات.
ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی مووشەکە دوورمەوداکان سنووردارن و ئەو ژمارەیەش ساڵانە دروستدەکرێن، رەوانەی وڵاتانی دیکە دەکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئۆکرانیا بەردەوان داوای مووشەکی دوورمەودا دەکات و پێشتریش، ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، لە لوتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیەس سەبارەت بە رەوانەکردنی مووشەکی ئاتاکمس لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی گفتوگۆیان کردووە.
لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.
لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جگە لە برینداربوون و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون.
زیلێنسکی لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا بەردەوام لە هەوڵی دابینکردن و بەدەستهێنانی هاوکاری سەربازییە بۆ سوپای وڵاتەکەی.