سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی 3 ملیار دیناری بۆ چارەسەری تووشبووانی تالاسیما تەرخانکرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیما.
رۆژی یەکشەممە (23ـی تەمموزی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی بەرامبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیما و لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رەزامەندییدا لەسەر تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار و 871 ملیۆن و 698 هەزار دینار، بە مەبەستی دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبوانی تالاسیما لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک).
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە جۆرێک بڕی ملیارێک و 66 ملیۆن و 375 هەزار دینار بۆ پارێزگای هەولێر، ملیارێک و 66 ملیۆن و 375 هەزار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، 738 ملیۆن و 948 هەزار دینار بۆ پارێزگای دهۆک.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی پەیوەندیدار بە پارێزگاکان خەرج دەکرێت.