ئێمباپێ لەپێناو چاوەکانی ریاڵ مەدرید یانە ئینگلیزی و سعوودیەکان رەتدەکاتەوە
یانەکانی سعوودیە و پرێمەرلیگ ئامادەن لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ واژۆ بکەن، بەڵام ئەستێرە فەرەنسیەکە هەمووان لەپێناو چاوەکانی ریاڵ مەدرید رەتدەکاتەوە.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاشكرای کردووە ئێمباپێ گرنگی بەوە نادات بچێتە خولی سعوودی و تەنانەت خولی ئینگلیزیش، چونکە هەموو کاتێک خەونی یاریکردنە بە درێسی ریاڵ مەدرید.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئێمباپێ سوورە لەسەر مانەوە لە پاریس سانجێرمان تاکو کۆتایی گرێبەستەکەی کە لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، دەیەوێت ئەو کاتە بە ئازادی لە یانەکە بڕوات و بە ئاسانی بچێتە ریاڵ مەدرید. لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرای کردووە هەریەکە لە یانەکانی چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، ریاڵ مەدرید، تۆتێنهام و نەسڕی سعوودی ئارەزوو دەکەن لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ واژۆ بکەن.
پاریس سانجێرمان وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتەی ئێمباپێ بڕیاریدا یاریزانەکە لە گەشتەکەیان بۆ ئاسیا دووربخاتەوە وەکو فشارێک بۆ ئەوەی رازی بێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یانیش لەم هاوینە بڕیاری رۆیشتن بدات، تەنانەت چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن ئەگەر ئێمباپێ سوور بێت لەسەر بۆچوونەکەی ئەوا لە لیستی تیپەکەی بۆ چامپیۆنزلیگ دوور دەخرێتەوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی هێمای بۆ ئەوە کردووە ریاڵ مەدرید ئامادەیە ئۆفەرێک بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی پاریس بکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئێمباپێ ببێت.
هێما بۆ ئەوەش کراوە ریاڵ مەدرید ئەم ئۆفەرە پێشکەش ناکات تا ئەوکاتەی ئێمباپێ و پاریس دەگەنە رێککەوتن بە جیابوونەوە لەم هاوینە.