عێراق بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار سێ بەرهەمی نەوتی هاوردەکردووە

K24 - هەولێر:
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی "سۆمۆ" رایگەیاند، عێراق لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا سێ بەرهەمی نەوتی بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار هاوردەکردووە.
بەپێی خشتەیەک کە کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە، عێراق "سێ بەرهەمی نەوتی بەبڕی ملیارێک و 235 ملیۆن و 180 هەزار و 755 دۆلار هاوردەکردووە، کە بڕی یەک ملیۆن و 346 هەزار و 451 تۆن لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا بووە".
سۆمۆ روونیکردەوە کە بڕی هاوردەکراوی نەوتی سپی لە هەمان ماوەدا" 86,744 تۆن بووە، بە بەهای 90,714,810 دۆلار، لەهەمان کاتدا 366,386 تۆن غازیش هاوردەکراوە بە بەهای 308,196,376 دۆلار".
ئەو کۆمپانیا عێراقییە ئاماژە بەوە دەدات، " قەبارەی بەنزینی هاوردەکراو 393 هەزار و 320 تۆن بووە، بە بەهای 836 ملیۆن و 269 هەزار و 569 دۆلار".
عێراق هەندێک لە بەرهەمە نەوتیەکان هاوردە دەکات، بەتایبەتی بەنزینی موحەسەن بۆ پڕکردنەوەی کەمیی نێو بازاڕی ناوخۆیی و، چین و هیندستانیش دیارترین وڵاتانی هەناردەکارن بۆ عێراق.