راشفۆرد: رقم لە لیڤەرپوولە و مان سیتیم خۆش ناوێت

مارکۆس راشفۆرد لەگەڵ گاری نیڤێل
مارکۆس راشفۆرد لەگەڵ گاری نیڤێل

مارکۆس راشفۆرد ئەستێرەی ئینگلیزی یانەی مانچێستەر یونایتد لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵسی سکای سپۆرتسی بەریتانی بەشێک لە نهێنییەکانی کاروانی یاریکردنی دەدرکێنێت و وەڵامی پرسیارەکانی گاری نێڤڵ دەداتەوە.

راشفۆرد لە وەڵامی پرسیاررێکدا دەڵێت: بەڕاستی سەختترین بەرگریکار لە کاروانی یاریکردم کە رووبەڕووی بوومەتەوە کایڵ وۆڵکەر بووە، ئەو بەرگریکارێکی زۆر بەهێزە بەتایبەت لە رووی توانای جەستەییەوە، راشفۆرد دەشڵێت: من پێشتر لەگەڵ وەین روونی یاریم کردووە کە شانازییەکی گەورەیە، بەڵام ئارەزووم دەکرد رۆژێک لە رۆژان شان بە شانی پۆڵ سکۆڵز یاریم کردبایە.
لە بەردەوامی وەڵامەکانیدا راشفۆرد دەڵێت: من زیاتر رقم لە لیڤەرپوول دەبێتەوە، بەڵام نە ئەم یانەیە و نە مان سیتیم خۆش ناوێ، تاکە یاریزانێکیش کە ئارەزووم دەکرد بە درێژایی ژیانی وەرزشیم یاریی لەگەڵ بکەم رۆناڵدۆی بەڕازیلیە.

ئەستێرەکەی ئینگڵاند دەشڵێت: لە منداڵی حەزم دەکرد ببمە گۆڵپارێز، لە مەشقەکان تەماشای تیم هاواردم دەکرد، بەڵام تیپەکەمان هەمیشە بە حەوت گۆڵ سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا بۆیە هەستم بەبێزاری دەکرد لە گۆڵ و شوێنەکەم گۆڕی.

راشفۆرد ئاشکراشی دەکات: باشترین کەسایەتی ژووری جلگۆڕین کە شان بە شانی یاریم کردووە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچە، هەر یاریزانێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، هێما بۆ ئەوەش دەکات: بەناووبانگترین ژمارە تەلەفۆنی نێو مۆبایلەکەم ئێستا ژمارەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.

هێرشبەرەکەی شەیتانەسوورەکان نهێنییەکی دیکە دەدرکێنێت و دەڵێت: ئەو یاریگایەشی حەزدەکەم یاریی بەرامبەر تیپی بەرامبەر تێدا بکەم، یاریگای کامپ نوە، ئەم یاریگایە کەشوهەوایەکی تایبەتی هەیە، لە یارییەکەی وەرزی رابردوو ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، بەڵام بۆ یەکەمجار کە لە کامپ نو یاریمان کرد بە سێ گۆڵ دۆڕاین، پێش ئەوەی بارسێلۆنا گۆڵ بکات ئێمە دەرفەتی زۆری گۆڵکردنمان هەبوو، هەر کاتێکیش تۆپ دەچووە لای مێسی هاندەران دەنگیان بەرز دەبووەوە و هێڵی بەرگریمان تووشی دڵەڕاوکێی دەبوون.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە راشفۆرد دەڵێت: پێموایە هالاند باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بوو، بەڵام لە 4-5 ساڵی رابردوو کیڤن دێ برۆین باشترین یاریزانی پرێمەرلیگە.

راشفۆرد ئاشکراشی دەکات بە یەکەم مووچەی خانووی بۆ دایکی کڕیوە.