ئیحسان شهمهری: پێدانی رێنماییەکانی تایبەت بە ناردنی پشکی هەرێم بە مەبەست دواخراوە

K24 - هەولێر:
راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت کودەتا بەسەر رێککەوتنەکاندا بکات، هەر بەوهۆیەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوتووە.
ئیحسان شهمهری، سهرۆكی سهنتهری هزری سیاسی لە عێراق و راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کودەتای سیاسی هەیە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر رێککەوتنەکان، هەربۆیە پێدانی رێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دواکەوتووە و هەوڵێكی زۆری سیاسیش هەیە بۆئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا نەگەڕاوەتەوە بەغدا و چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییە، تاوەکو میکانیزمی پێدانی پشکی هەرێمی پێبدات.
ئەم چاوەڕوانییە لە کاتێکدایە کە هێشتا مووچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش نەکراوە و حکومەتی عێراقی بە بیانووی وردبینی لە داتا و خەرجی و داهاتی هەرێم، وەڵامدانەوەی شاندی هەرێم و ناردنی مووچەی دواخستووە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، هەندێك ئاستەنگ هاتوونەتە ئاراوە کە نە دەستوورین نە یاسایی.
شاندی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوەیان بۆ هەولێر، رایانگەیاند، کەیسی نەوت و تەواوی زانیارییەکانیان لەبارەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، خستووەتە بەردەم تیمی حکومەتی فیدراڵی و هیچ بیانوویەک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نەماوە.