سه‌فین مه‌نسوڕ بێده‌نگی شكاند: له یانه‌ی هه‌ولێر زوڵمم لێده‌كرێت
سه‌فین مه‌نسوڕ: له هه‌ولێر بوومه‌ته قوربانی پیلانگێرییه‌ك كه هیچ په‌یوه‌ندی به دابه‌زینی ئاستی منه‌وه نییه

له گۆشه‌ی ئه‌مجاره‌ی "كوردستار"، سه‌فین مه‌نسوڕ ئه‌ستێره‌ی كوردی یانه‌ی هه‌ولێر په‌یامێك بۆ هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ده‌نێرێت، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات 2023 قورسترین ساڵی وه‌رزشی ئه‌و بووه، ده‌شڵێت: ئێستا له یانه‌ی هه‌ولێر به‌جۆرێك زوڵمم لێده‌كرێت ته‌نانه‌ت رێگه ناده‌ن له دووگۆڵیش به‌شداریی بكه‌م.
خۆشترین ساته‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌وزپۆشه‌كان تێپه‌ڕكردووه
سه‌فین مه‌نسوڕ كه ناسراوه به سه‌فین پاتۆ له یانه‌ی برایه‌تی ده‌ركه‌وت، له‌و یانه‌یه ئاستی گه‌یشته لوتكه، ئه‌و یانه‌یه‌ی جێنه‌هێشت تاوه‌كو خه‌ونی بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی كوردستانی بۆ كردنه راستی.
سه‌فین پاتۆ له وڵامێكی كوردستان24 هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات خۆشترین ساته‌كانی كاروانی وه‌رزشی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی بووه، ده‌شڵێت: به‌داخه‌وه دوای من له برایه‌تی زۆر شت گۆڕاوه، ئه‌و وه‌فایه‌ی جاران بۆ نه‌ماوه و هه‌ستی پێناكه‌م.
سه‌فین پاتۆ كاپتنی پێشووی یانه‌ی برایه‌تی پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی نه‌ورۆز و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش كردووه، له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له نێو ئه‌و راهێنه‌رانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردوون زیاتر له هه‌مووان له‌گه‌ڵ (یووسف كاكێ) ئاسووده بووه.

به ئومێده‌وه هات و خه‌ریكه به نائومێدی ده‌ڕوات
سه‌فین مه‌نسوڕ دوای ئه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی كوردستانی بۆ برایه‌تی به‌ده‌ستهێنا له كۆتاییه‌كانی 2021 ئۆفه‌رێكی له یانه گه‌وره‌كه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یشت و پێشوازی لێ‌كرد.
سه‌فین مه‌نسوڕ هه‌ر زوو شوێنی خۆی له دڵی هانده‌ران و پێكهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر كرده‌وه، وه‌رزی رابردوو رۆڵێكی كاریگه‌ری له پێكهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می نزار مه‌حرووس راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، سه‌فین به‌شێك بوو له پلانه‌كانی ئه‌و راهێنه‌ره سوورییه كه به‌رده‌وام پشتی پێده‌به‌ست، دواتر به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ئه‌و یاریزانه به ته‌واوه‌تی له پلانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر دوورخرایه‌وه.
سه‌فین مه‌نسوڕ له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به كۆمه‌ڵێك خه‌ون و هیواوه هاتمه هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خزمه‌ت و باشترین ئاستی خۆم بۆ ئه‌و یانه‌یه پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌وپه‌ڕی ئومێده‌وه هاتم و خه‌ریكه كۆتاییه‌كه‌ی به نائومێدی ته‌واو ده‌بێت.

ته‌نانه‌ت رێگه‌ی ناده‌ن له دووگۆڵیش به‌شداریی بكات
سه‌فین مه‌نسوڕ به سه‌رسوڕمانه‌وه به كوردستان24ـی راگه‌یاند هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووه رۆژێكدا بێت ئاوها له یانه‌ی هه‌ولێر په‌راوێز بخرێت، ده‌شڵێت: 5 مانگه ته‌نیا بۆ یه‌ك خوله‌كیش ده‌رفه‌تی یاریكردنیان پێنه‌داوم، ته‌نانه‌ت له دووگۆڵیش له راهێنانه‌كان به‌شداریم پێ ناكه‌ن، به ئاشكرا زوڵمێكی گه‌وره‌م به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.
سه‌فین ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر من ده‌كرێت ده‌ستێكی له‌پشته، جۆرێكه له پیلانگێری له دژی من ده‌كرێت، له‌وكاته‌وه هه‌ستم كرد زوڵمم لێ ده‌كرێت كاتێك عه‌بدولقادر حوسێن به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێری وه‌رگرت ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك چركه‌ش ده‌رفه‌تی نه‌دا من یاریی بكه‌م.

سه‌فین مه‌نسوڕ په‌یامێك بۆ هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌نێرێت
دوورخرانه‌وه‌ی سه‌فین مه‌نسوڕ له پێكهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر هه‌میشه جێگه‌ی پرسیاره، هانده‌ران و راگه‌یاندنه‌كانیش هێشتا له نهێنی ئه‌م چیرۆكه تێناگه‌ن.
سه‌فین مه‌نسوڕ له‌مباره‌یه‌وه په‌یامێك بۆ هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌نێرێت و ده‌ڵێت: سووپاسی هاوسۆزی و په‌رۆشی هانده‌رانی هه‌ولێر ده‌كه‌م، دڵته‌نگم كه منیان له نێو یاریگه له ئێوه دوورخستووه‌ته‌وه، دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه ئه‌وه‌ی رووده‌دات په‌یوه‌ندی به كه‌مته‌رخه‌می من نییه، خۆتان ده‌زانن وه‌رزی رابردوو باشترین ئاستم پێشكه‌ش كرد، به شاهیدی هه‌موو یاریزانه‌كان له‌گه‌ڵ هاتنی عه‌باس عوبێدی راهێنه‌ری نوێ من باشترین ئاستم له راهێنانه‌كان پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر من ده‌كرێت، نادادپه‌روه‌رییه، من بۆیه هاتمه یانه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ئه‌و شاره بكه‌م و دڵی ئه‌و هانده‌رانه خۆش بكه‌م، كه‌چی خه‌ریكه ده‌بمه قوربانی پیلانگێری.

سه‌فین مه‌نسوڕ له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی كوردستان24، رایگه‌یاند ساڵێكی ناخۆشی له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر تێپه‌ڕ كردووه، گوتیشی: هێشتا زۆرم مابوو پێشكه‌شی یانه‌ی هه‌ولێری بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێم نه‌ده‌كرد روویدا، زۆر یانه‌ش بۆ گواستنه‌وه‌ی من له‌سه‌رهێڵن، به‌ڵام هێشتا هیچ بڕیارێكم نه‌داوه، نامه‌وێت له یانه‌ی هه‌ولێر بڕۆم تاوه‌كو ئه‌و ده‌سته ئاشكرا نه‌كه‌م كه له‌پشت په‌راوێزخستنی منه، تاوه‌كو بۆم ڕوون نه‌بێته‌وه هیچ بڕیارێك ناده‌م.

سه‌ربازه ونه‌كه‌ی پشت سه‌ركه‌وتنه‌كانی كێیه؟
سه‌فین مه‌نسوڕ له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه هه‌رگیز ناتوانێـت قه‌ره‌بووی ئه‌و چاكه و وه‌فایه‌ی باوكی بداته‌وه كه به‌رده‌وام پشتگیری كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر رۆڵی باوكم نه‌با، نه‌مده‌توانی ببمه ئه‌و سه‌فینه‌ی ئێستا، به‌رده‌وام له‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وی پشتگیری كردووم و هانی داوم كه به‌رده‌وام بم و بێهوا نه‌بم، بۆ یه‌كه‌مجار به مووچه‌ی مانگانه‌ی 100 هه‌زار دینار ده‌ستم به یاریكردن كرد، به‌ڵام باوكم رێگه‌ی نه‌دا هیچ به‌ربه‌ستێكی ماددیم بۆ دروست بێت، له هه‌موو یارییه‌كانم ئاماده ده‌بوو، ته‌نانه‌ت له راهێنانه‌كانیش به‌دیار منه‌وه داده‌نیشت، هه‌بوونی باوكم وایكرد چۆك بۆ هیچ زه‌حمه‌تییه‌ك دانه‌ده‌م.

پــرۆفــایــل
سه‌فین مه‌نسوڕ ته‌مه‌نی 27 ساڵه، سه‌ره‌تای كاروانی وه‌رزشی له یانه‌ی برایه‌تی ده‌ستپێكرد و نازناوی خولی لاوانی له‌گه‌ڵ سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت برده‌وه، دواتر له وه‌رزی 2020 ـ 2021 كۆتایی به چاوه‌ڕوانییه‌كانی هانده‌رانی برایه‌تی هێنا و نازناوی خولی نایابی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به باشترین یاریزانی خوله‌كه دیاریكرا.
سه‌فین پاتۆ 33 گۆڵی به درێسی برایه‌تی له خولی نایابی كوردستان تۆمار كردووه، له‌سه‌ر ئاستی لاوانیش گۆڵكاری مێژوویی برایه‌تییه، له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێریش خاوه‌نی 4 گۆڵه.
سه‌فین به‌هۆی پێكانه‌وه نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌ورۆز ته‌مه‌نی درێژ بێت، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش ئه‌زموونێكی كورتی تێپه‌ڕ كرد.
