شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە
هەولێر و بەغدا له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای بودجە رێککەوتن
K24 – هەولێر
دوای ئەوەی دوێنێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق سەردانی بەغدای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 27/7/2023، له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا رێککەوتن، بڕیاریشە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تەممووزی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە کۆببنەوە".
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "سه‌باره‌ت به جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه، لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق کۆبووینەوە، به مه‌به‌ستی ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه هەردوولا گه‌یشتنه رێکكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا".
گوتیشی: "كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو شانده‌كه واژۆ كرا و بڕیارە كه ده‌ست به‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت".
هەر سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە".
گوتیشی: "پێشتریش رامانگەیاندبوو، کە پەیوەندییەک لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە، بە نیەتی رێککەوتن".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر خەمخۆرانە کاری کردووە، بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ئەوانەی پێش رێککەوتنەکان قسەی سەیر و سەمەرەیان کردووە، دوای رێککەوتنەکان بێدەنگ دەبن، چونکە کاری ئەوان قسەیە و ئێمەش کردار".
راشیگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی پارە دەکەن لە بەغداوە بۆئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
دوای پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی دوێنێ 26/7/2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا کرد و گفتوگۆکانی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق دەستپێکرد.