بە گووژمەی زیاتر لە 21 ملیار دینار پڕۆژەی سایلۆی گەرمیان تەواو کرا

سایلۆی گەرمیان
سایلۆی گەرمیان

K24 – هەولێر:

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە شاری کەلار پڕۆژەی سایلۆی گەرمیان، بە گووژمەی 21 ملیار و 400 ملیۆن دینار تەواو کراوە و توانای بە کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.

کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "سایلۆی گەرمیان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاسایشی خۆراک، هەروەها لە ئێستادا ئامادەکرای دەکەین بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران".

هاوکات راشیگەیاند، "سایلۆکە پێویستی بە کارمەندی زیاتر هەیە و هیوای خواست ئەو کارمەندانەیان بۆ دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن تەواوی پڕۆژەکە بخەنە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".

سایلۆی گەرمیان یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شاری کەلار لە ساڵی 2019 کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستی پێکرد و تێچووی دروستکردنەکەشی 21 ملیار و 400 ملیۆن دینار بوو، لەکۆتاییەکانی ساڵی 2021 تەواو کرا، سایلۆکە لە 16 کۆگا پێکهاتووە و  توانای بە کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، رووبەرەکەی 20 دۆنم زەوییە.

Fly Erbil Advertisment