مەلا یاسین: دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جووڵە کەوتەوە بازاڕ

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران، رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا راستەوخۆ جوڵەی خستووەتە بازاڕەوە، هاوکات گوتیشی: سەرەڕای هەموو قەیرانەکان هەرێمی کوردستان زۆر لە پێشی شارەکانی عێراقەوە دێت و لە هەموو رووێکەوە پێشکەوتووترە، مەلا یاسین دەشڵێت: هەرێمی کوردستان بەرەو هەرێمێکی وەبەرهێنەر دەڕوات پڕۆژەی زەبەلاحی کشتوکاڵی و گەشتیاری کەوتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن.
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هاواڵە ئابوورییەکانی کاتژمێر 22ـی کوردستان24، رایگەیاند، بابەتی مووچە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێناران و کاسبکاران، بەهۆی ئەوەی ئەو 906 ملیارەی بڕیارە کە هەفتەی داهاتوو بێتە سەر هەژماری هەرێم، ئێمە داتانامان لەلایە لە یەکێتی وەبەرهێنان راستەوخۆ 300 ملیاری دێتەوە بۆ ناو بازاڕ بە تایبەت بۆ کۆمپانیاکانی خانووبەرە و ئەو کۆمپانیانەی کە بە شێوازی قست کاڵا بە هاووڵاتییان دەفرۆشن، چونکە ئەو کۆمپانیایانە بە شێوازێک کارەکانیان رێکخستووە کە هاووڵاتییان لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
هاوکات راشیگەیاند، ئەم رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا کە سەرەتا کرابوو، وایکردبوو بازاڕی هەرێمی کوردستان خۆش بێت بە ئەندازەکی باش پرۆژەکان دەستیان بە کار کردبووە، بەڵام ئەم دوو مانگە کە مووچە دووا کەوت کارەکان دیسان سست بوونەوە، دابەزینی دیناری عێراقیش بازاڕی هەرێمی کوردستانی شێواندووە.
ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و شەڕی داعش، شارەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێت بە شارەکانی عێراق، زۆر لە شارەکانی عێراق پێشکەوتووترە لە هەموو رووێکەوە، هەروەها ئەگەر مووچە لە کاتی خۆیدا بێت و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان نەوەستن لە کارەکانیان بەدڵنیاییەوە ئەوا هەرێمی کوردستان بە 20 ساڵ دەکەوێتە پێش شارەکانی دیکەی عێراق.
مەلا یاسین، باسی لەوەشکرد، هەمیشە ئەم رێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی ناوند دەکرێت وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و ئەوان پاشگەز دەبنەوە لە قسەکانیان، ترسمان هەیە هەفتەی داهاتوو ئەو 906 ملیارە بە یەکجار نەنێرن.
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ئێستا لەسەر ئەو رێگە راستەیە کە دەیەوێت ژێرخان دروست بکات، دەیەوێت پڕۆژە ستراتیژییەکان دەستپێبکات و دەستیشی پێکردووە و بەردەوامە.
مەلا یاسین، گوتی: "دوای رێککەوتنی دوێنێ هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ راستەوخۆ جووڵە کەوتەوە بازاڕ، هەروەها ئەگەر بێت و لایەنە کوردییەکان لەگەڵ یەکتردا تەبا بن زیاتر جوڵە و سەقامگیری دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان".