تەقەكەرەكان نازیيەكانن یان توندڕەوە ئیسلامیەكان
باری نائاسایی لە میونشن ڕاگەیەنرا
K24 – هەولێر:
تا ئێستا پۆلیسی ئەڵمانی لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ڕەوشی شاری "میونشن" و دەستگیركردن یان كوشتنی هێرشكەرەكانی سەر شارەكەیە.
ئەو چەكدارانە "3" كەسن و بەلای كەمەوە تا ئێستا "7" كەسیان كوشتووە و ژمارەیەكی دیكەشیان بریندار كردووە.
پۆلیس هەموو دەروازەكانی شاری "میونشن" ی داخستووە و باری نائاسایی ڕاگەیاندووە، وداوای لە خەڵكی شارەكە كردووە لە شوێنە قەرەباڵغەكان دووركەونەوە و لە ماڵەكانیان بمێننەوە، هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی ئەو شارە كردووە دەرگای ماڵەكانیان بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی دوورن لە ماڵەكانیانەوە لە ماڵەكانی دیكەدا بمێننەوە.
هەر زوو پرسیار لەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەكەی شاری میونشن دروست بوو كە ئایا داعش یان گروپە توندڕەوە جیهادییەكانن؟
چونكە زۆر نییە لە ناوچەیەكی دیكەی ئەو هەرێمە ئەندامێكی داعش بە تەور هێرشی كردە سەر سەرنشینی شەمەندەفەرێك و زیاتر لە "21" كەسی بریندار كرد.
بەڵام ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەوانەی تەقەكەرەكانی "میونشن" یان بینیووە دەڵێن، لەوانەیە " نازییەكان" بن كە دەمارگیرن و دژی پەنابەرانن لە ئەڵمانیا.
موسوڵمانەكانی ئەو شارە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وەك ئەوەی بیانەوێت هێرشەكە لە خۆیان دوور بخەنەوە دەڵێن" ئەنجامدەرەكانیان بینیوە دروشم و هوتافی دژ بە پەنابەرانیان گوتووەتەوە لەوكاتەی تەقەیان كردووە.
یەكێك لەوانەشی لە تویتەرەوە تویتێكی كردووە نوسیویەتی" یەكێك لە هێرشبەرەكان پوتێكی درێژی لە پێدا بووە كە لای نازییەكان وەك نەریتێك وایە.
كەناڵی "RTL" ی ئەڵمانیش ڕایگەیاندووە" یەكێك لە تەقەكەرەكان لەوكاتەی تەقەی كردووە دژی پەنابەران هوتافی كێشاوە.
ئەم قسەوباسانە لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خەڵكی ئەو شار و وڵاتەی كەم نەكردووەتەوە، چونكە تا ئێستا تەقەكەرەكان دەستگیر نەكراوون و مەترسی ئەوە هەیە لە هەر ناوچەیەكی دیكەی ئەو شارە هاوڵاتیان بكەنە ئامانج.
هەر چەندە ڕاگەیەنرا كە یەكێك لە تەقەكەرەكان لە و مۆڵەدا خۆی كوشتووە كە كردیانە ئامانج، بەڵام پۆلیس تازە ڕایگەیاندووە، كە بەدوای "3" ی تەقەكەردا دەگەڕێن كە دوای كوشتنی ژمارەیەك هاوڵاتی لە شاری میونشن ڕایانكردووە.
تیمەكانی فریاگوزاری و ئەمبۆڵانس لە شاری میونشن كەوتوونەتە خۆ و لە باری نائاساییدا دەژین و وڵاتی هۆڵەندای دراوسێی ئەڵمانیاش هاتووەتە سەر خەت و ئامادەی هاوكاریی ئەو وڵاتەیە.
ئێستا حكومەتی ئەڵمانی بە فەرمی باری نائاسایی لە شاری "میونشن" ڕاگەیاندووە و لە سنوری وڵاتەكەی لە گەڵ "چیك" ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتە بەر.
هێشتا زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەو شارە و بیانییەكانی نێشتەجێی میونشن لەناو مۆڵ و دووكانەكاندا خۆیان حەشارداوە، و ژن و پیاوێكی سعودی لەناو دووكانێكی نزیك مۆڵی "ئۆڵۆمپیاد" كە هێرشی كرایە سەر خۆیان حەشارداوە و لە تویتەرەوە كەسوكاریان دڵنیاكردووەتەوە كە خۆیان حەشارداوە و چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكە دەكەن.