دابەزینی بەهای دینار بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی سست کردووە

K24 – سلێمانی:

دابەزینی بەهاى دینار بازاڕى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلى سست کردووە فرۆشیارانى ئۆتۆمبێل دەلێن، بازاڕیان بە ڕێژەى 50% بۆ 60% دابەزیووە، چونکە هاووڵاتییان ترسیان لە زیاتر دابەزینی بەهاى دینار هەیە و ئەگەر پارەکانیشیان لە دینارەوە بکەن بە دۆلار زیان دەکەن بۆیە ئێستا کڕینى ئۆتۆمبێل زۆر کەم بووەتەوە.

دیارى محەمەد، خاوەن پێشانگەیەکی کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کڕیار کە دێت لە ئێمەى دەکڕێ پارەی عێراقی پێبێت و بە پارەی عێراقی بیفرۆشین ئەوە شتێکى باشە ئێمەش پێمان خۆشە، بەڵام لەو کاتەدا نەک لە بازاڕ دۆلار بە 155 هەزار بێت و ئەویش بە 132 بە نرخی بانکی ناوەندی لەمن بکڕێت، ئەى کێ زیانەکەی بۆ من بژمێرێت، ئەگەر گرێبەستی پێشانگە بخوات لە بانکێکی حوکمى دۆلار بە 132 پێمبدات، منیش بە 132 دەیفرۆشم بە پارەی عێراقی".

لە پێشانگەکانى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل، خواست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەش کەمە کە نرخیان هەرزانە، زۆرینەى ئەو کەسانەشى سەردانى پێشانگەکان دەکەن تەنها نرخ تاقیدەکەنەوە، چونکە دەلێن، لەم دۆخەدا ئامادەنین ئۆتۆمبێل بکڕن.

لەلایەکی دیکەوە، رێبەر کامیل، هاووڵاتى، گوتی: "ئەو کەسانەى زۆر زۆر زەڕوور نەبن لەم حاڵەتەدا ئۆتۆمبێل ناکڕن، لەبەر ئەوەى دۆلار زۆر بەرزە و یارى دەکات، تۆ ئێستا بە گران بیکڕى دوو رۆژیتر دابەزێت لەوێدا دوو ملیۆن دەکەویتە ژێرەوە، ئێستا لەسەر شەقام هاووڵاتییان ئۆتۆمبێل دەگۆڕنەوە، زۆر بەکەمى یەکێ بیکڕێت مەگەر زۆر زەڕوور بێت" .

بازاڕى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل زۆرترین کاریگەرى دابەزینی بەهاى دیناری پێوە دیارە چونکە هەر دابەزینەک لە بەهاى دینار راستەوخۆ خواست لەسەر کڕینى ئۆتۆمبێل کەم دەبێتەوەو فرۆشیارانى ئۆتۆمبێلیش پێیان وایە ئەگەر مامەڵەکان بکرێتە دینارى عێراقى کارێکى باشە بەڵام ئەوەش کارێکى ئاسان نییە و چەندین هەنگاوی  بۆ جێبەجێکردنى پێویستە.

Fly Erbil Advertisment