سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی هەولێر دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەی هەولێر بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، پیرۆزبایی لە یانەکە و سەرجەم یاریزانان دەکات.
رۆژی (31ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە یانەی وەزرشی هەولێر و سەرجەم یاریزانانی دەکەم بۆ گەیشتنی بە یاری کۆتایی جامی عێراق.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەی بۆ یانەی هەولێر خواست و پشتیوانیی خۆشی بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە.
کاتژمێر هەشتی ئەمشەو (31ـی تەمموزی 2023)، لە یاریگای نێودەوڵەتی شەعب لە بەغدا، یانەی هەولێر لە یاریی پێشکۆتایی جامی عێراق رووبەڕووی یانەی حدوود بووە و یارییەکەی بە گۆڵێکی یاریزان مەحموود خەلیل لێبردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی عێراق.
یاری نێوان هەولێر و حدوود راستەوخۆ لە پەیجی سەرەکی کوردستان24 و پەیجی وەرزشی کوردستان24 بەشێوەی راستەوخۆ بە دەنگی کۆمێنتاری وەرزشی هەرێم قەرەناوی دەگوازرایەوە و لە شەقامی ئیسکانی شاری هەولێریش هاندەرانی یانەکە لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە بینەری کوردستان24 بوون بۆ بینینی یارییەکە.
هەروەها یانەی هەولێر لە یاریی کۆتایی جامی عێراق کە یەکەمینجارە دەگاتە ئەو قۆناغەی جامی عێراق لە مێژووی خۆیدا، چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان قوە جەوییە و کەرخ دەکات کە وابڕیارە سبەی شەو ئەنجام بدرێت.
پیرۆزبایی لە یانەی وەزرشی هەولێر و سەرجەم یاریزانانی دەکەم بۆ گەیشتنی بە یاری کۆتایی جامی عێراق و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەیان بۆ دەخوازم و پشتیوانیی خۆم بۆ یانەی هەولێر دووپات دەکەمەوە.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) July 31, 2023