ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران و بازرگانانی کوردستان دەکرێت

K24 – هەولێر:

لە وەرزی هاویندا بەرووبوومی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت ئەمساڵ کارئاسانی زۆر بۆ جووتیاران کراوە بۆ هەناردەکردنی بەرووبوومەکانیان.

بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنن، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کار ئاسانی زۆریان بۆ کراوە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەماکانیان و هەناردەکردنیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لە رابردوودا هەر جووتیارێک بیویستبایە بەرووبوومەکەی بنیرێت بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوا لەلایەن بازگەکانەوە بڕی هەزار و 500 دۆلاری لێ وەردەگیرا و هەندێک جاریش بەرووبوومەکەی لێ بەفیڕۆ دەدرا، ئەمەش زەرەێکی زۆر بوو بۆ جووتیاران، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئەو جووتیارانە چارەسەرکرا کە دەیانویست بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئێستا رۆژانە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 300 بارهەڵگر بەرووبوومی جووتیارانی کورد دەڕواتە دەرەوە، لە 1ـی حوزەیرانەوە تاکوو ئێستا نزیکەی 12 هەزار و 700 بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە بەرووبوومی کشتوکاڵی هەناردە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بە سوپاسەوە بۆ هاوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە توانرا لێکتێگەشتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبێت، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەشتنە ئێستا بەرهەمەکانی جووتیاران دەتوانن رەوانە بکەن بۆ شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکاتەوە".

گوتیشی: "خواستی زۆری لەسەرە چونکە بەهۆی ئەوەی کوالێتییەکی بەرزی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کەوا سەبەتەی خۆراکی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانمان پڕکردووەتەوە، ئێستا لە وڵاتانی کەنداویش خواست لەسەر بەرهەمی جووتیارانمان زۆر هەیە.

Fly Erbil Advertisment