سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی بەریتانیا دەکات بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان
K24 - هەولێر:
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی بەریتانیا دەکات بۆ بە جینۆسایدناساندی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و دەڵێت: دانپێدانان بەم جینۆسایدە بۆ كوردانی ئێزدی گرنگییەكی بێ ئەندازەی هەیە.
ئەمڕۆ حکومەتی بەریتانیا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند و سەنتەری میترۆش بڕیارەکە بە "بڕیارێكی ئیلهام بەخش بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" ناو دەبات.
پەڕەی فەرمی سەنتەری میترۆ لە فەیسبووک رایگەیاند، دانپێدانانی فەرمی بەو جینۆسایدەی داعش لە ساڵی 2014 لە دژی كوردانی ئێزدی ئەنجامدرا، پابەندبوونی شانشینی یەكگرتوو نیشان دەدات بۆ بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و پاراستنی مافی پێكهاتە و كەمینەكان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، دانپێدانان بەم جینۆسایدە بۆ كوردانی ئێزیدی گرنگییەكی بێ ئەندازەی هەیە و وەك چرایەكی هیوا بۆ هەموو ئەو كەسانە دەبینرێت كە لە ژێر دەستی دڕندەیی هێزە توندڕەوەكاندا ئازاریان چەشتووە. هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو دڕندەییانەی بەرامبەر كۆمەڵگای ئێزدی ئەنجامدراون لەبیر نەكراون و دڵنەوایی پێشكەش بە رزگاربووان و ئەو خێزانانە دەكات كە لەو كاتە تاریك و خەمناكەدا ئازیزانیان لەدەستداوە.
سەنتەری میترۆ ئەم هەنگاوەی حكومەتی بەریتانیا بە پەیامێكی بەهێز دەبینێت بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گرنگی لێپرسینەوە لە تاوانباران لەسەر كارە قێزەونەكانیان و رێگریكردن لە روودانی ئەم جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا بەهێز دەكات و ژینگەیەك دروست دەكات كە بنەماكانی مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان زاڵ بن.
راشیگەیاند، بەناوی سەنتەری مێترۆوە سوپاسی حكومەتی بەریتانیا دەكەن كە ئەم هەڵوێستە بوێرانە و راستگۆیانەیان گرتەبەر. پابەندبوونی بێوچانیان بە وەستانەوە دژی جینۆساید و بەرەوپێشبردنی مافەكانی مرۆڤ نموونەیەكی ئیلهامبەخشە بۆ جیهان.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوەی حكومەتی بەریتانیا لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی هێرشی داعشە بۆ سەر شنگال و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە دژی كوردانی ئێزدی، كە پێشتریش پارلەمانی ئەڵمانیا و هۆڵەندە و بەلژیكا تاوانەكانی داعشی لە دژی كوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند.