ژیار گۆڤه‌ند: دهۆك تیپێكی هه‌ژاره و ئۆفه‌رم له هه‌ولێر بۆ هاتووه
ژیار گۆڤه‌ند: هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی بارسێلۆنا و كریستیانۆم

له گۆشه‌ی ئه‌مجاره‌ی "كوردستار" ژیار گۆڤه‌ند ئه‌ستێره‌ی لاوی یانه‌ی دهۆك ئاشكرای ده‌كات ستافی هونه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووه و چه‌ندانجار به ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه، ناوی ئه‌و یانانه‌ش بۆ كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات كه ئۆفه‌ریان پێشكه‌ش كردووه، ده‌شڵێت: دهۆك هه‌ژارترین یانه‌ی عێراقه و هه‌ولێریش ئۆفه‌ری پێشكه‌ش كردووم.
ژیار گۆڤه‌ند یاریزانه به‌هره‌مه‌نده‌كه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی شاری هه‌ولێر بوو، دواتر له ته‌مه‌نێكی بچووك سه‌رنجی چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ی به‌لای خۆیدا راكێشا.
بۆچی دهۆكی جێهێشت و ڕوویكرده پێشمه‌رگه؟
ژیار گۆڤه‌ند دوای ئه‌وه‌ی خولی نایابی كوردستانی وه‌رزی 2020 ـ 2021ـی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی به‌ده‌ستهێنا، پێش دوو ساڵ ژیار گرێبەستی لەگەڵ دهۆک واژۆ کرد، بەڵام دوای مانگێک گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و ڕووی لە پێشمەرگەی سلێمانی کرد.
له‌مباره‌یه‌وه ژیار گۆڤه‌ند گوتی: ئه‌وكات په‌یوه‌ندیم به دهۆك كرد هه‌ستم كرد له‌گه‌ڵ پلانه‌كانی راهێنه‌ر ناتوانم خۆم بگونجێنم، ئەگەرچی دەستەی کارگێڕی بە هەموو شێوەیەک پشتیوانم بوون و ڕێگر بوون لەوەی بڕۆم، به‌ڵام من سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌و راهێنه‌ره‌ی پێشووی دهۆك كار بكه‌م، بۆیه بڕیارمدا په‌یوه‌ندی به یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بكه‌م، خۆشبه‌ختانه ساڵێكی نایابم له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه تێپه‌ڕ كرد.
ژیار گۆڤه‌ند دوای تێپه‌ڕبوونی وه‌رزێك له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ستافی نوێی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك بڕیاریدا سه‌رله‌نوێ بگه‌ڕێته‌وه ریزه‌كانی زه‌ردپۆشه‌كانی بادینان.

هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دهۆك ئاشكرا ده‌كات
ژیار گۆڤه‌ندی ته‌مه‌ن 23 ساڵ، نهێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه گه‌وره‌كه‌ی بادینان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: دهۆک یانەیەکی گەورەیە و خاوەن بنکەیەکی جەماوەری فراوانە، لەسەر ئاستی ئاسیاش تیپێکی ناسراوە، بۆیه به ئۆفه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ریزه‌كانی دهۆك رازیبووم.
ژیار گۆڤه‌ند ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات ده‌سته‌ی كارگێری ئێستای دهۆك به پلانێکی تۆکمە و باش کار لەسەر به‌ره‌وپێشبردنی یانه‌كه دەکات، ده‌شڵێت: بوونی ستافێكی كارا له دهۆك وایكرد من و چه‌ندان یاریزانی دیكه روو له‌و یانه‌یه بكه‌ین، پەیوەندی دۆستانه و برایهنهم له‌گه‌ڵ کاپتن خالید موشیر و جاسم محه‌مه‌د حاجی هۆکارێکی دیكه بوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دهۆك هه‌ڵبژێرمه‌وه، یاریكردنیش له خولی نایابی عیراق یه‌كێكی دیكه بوو له ئامانجه‌كانم، چونکە ئاست و رکابەرییەکانی خولی عێراق به بەراورد بە خولی کوردستان زۆر لە پێشترە، خۆشم ئەو توانایەم هەیە له خولی نایابی عێراق کێبڕکێی یاریزانە دیاره‌كانی ئه‌و خوله بکەم.
په‌یامێك بۆ هانده‌رانی دهۆك ده‌نێرێت
ژیار گۆڤه‌ند ستایشی هانده‌رنی دهۆك ده‌كات و پێیوایه ئه‌گه‌ر هانده‌ران نه‌بووایه نه‌یانده‌توانی یانه‌كه له خولی پله‌یه‌كی عێراق ده‌رباز بكه‌ن، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌ر له ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێ، هانده‌ران به‌جۆش و خرۆشه‌وه ڕژانه نێو یاریگه و پشت و په‌نای یاریزانه‌كان بوون، ئه‌گه‌ر هانده‌ران نه‌بووایه زۆر زه‌حمه‌ت بوو له پله‌ی ئۆف سهركهوتووباین، چونکە ئێمە به به‌راوردی تیپه‌كانی دیكه كاتمان بۆ ئاماده‌كاری كه‌م بوو، بەڵام پشتیوانی و هاندانی به‌رده‌وامی هانده‌ران وایکرد ئێمە جارێکی دیکە دهۆک بگەڕێنینەوە ریزی گەورەکان، هه‌ڵبه‌ت هانده‌رانی دهۆك هۆكارێكی كاریگه‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ی ئاستێكی به‌رزتر پێشكه‌ش بكه‌م.

داواكارییه‌كی له هانده‌رانی كوردستان هه‌یه
ژیار گۆڤه‌ند هێرشبه‌ری یانه‌ی دهۆك له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا داوا له هانده‌رانی كوردستان ده‌كات یه‌كڕیزی و برایه‌تی یانه‌كانی كوردستان بپارێزن.
ژیار ده‌شڵێت: دهۆک، زاخۆ، هەولێر و نەورۆز چوار نوێنەری کوردستانن، پێویستە له نێوخۆدا ڕێز و خۆشەویستی بۆ یه‌كتر ده‌رببڕین، بۆ یانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش جوانترین نموونه پیشان بده‌ن، پێویسته خۆمان دووربگرین له دروستكردنی ناکۆکی و دووبەرەکی، خوازیارم وەرزی داهاتوو هاندەرانی هەر چوار یانه‌كه كوردییه‌كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق ببنە نمونەی هاندان له‌ڕووی گیانی وەرزشی.
پێیوایه دهۆك هه‌ژارترین یانه‌ی عێراقه
ژیار گۆڤه‌ند له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی كوردستان24، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه دهۆك هه‌ژارترین یانه‌یه له‌سه‌ر ئاستی خولی نایابی عێراق.
له‌باره‌ی کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی خولی نایابی عیراق ژیار ده‌ڵێت: ململانێكردن بۆ نازناوی خولی نایابی عێراق به‌و توانسته كه‌مه داراییه ناكرێت، ئێمە بۆ وەرزی رابردوو 900 ملیۆن دینارمان خه‌رج كردووه، کەچی یانەی شوڕتەی پاڵەوان تەنیا له گرێبه‌ستی مەحموود مەواسی هێرشبه‌ریان هاوتای هەموو ئەو بڕە پارەیە کە دهۆك بۆ وەرزێک خه‌رجی كردووه.
ژیار گوتیشی: دھۆك هه‌ژارترین یانه‌ی عێراقه، به‌و پاره‌یه‌ش مه‌حاڵه بتوانێت ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی عێراق بكه‌یت، چونكه لۆژیك نییه 900 ملیۆن دینار بتوانێت رکابەری یانه‌یه‌ك بكات كه ساڵانه 20 ملیار دینار خه‌رج ده‌كات.
ژیار گۆڤه‌ند داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه پەیوەندیدارەکان ده‌كات زیاتر هاوكاری دهۆك بكه‌ن، ده‌شڵێت: بە تایبەتی بۆ وه‌رزی نوێ خولەکە دەبێتە پیشەگەری و رکابەرییەکان قورس‌تر دەبن، بۆیە بە دڵنیاییەوە گەر پشتیوانییەکی باشمان هەبێ، دەتوانین رکابەری بەدەستهێنانی نازناوەکە بکەین.

3 یانه‌ی گه‌وره‌ی به‌غدا ئۆفه‌ریان پێشكه‌ش كردووه
ژیار گۆڤه‌ند گۆڵكاری یانه‌ی دهۆك له وڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24 ئاشكرای كرد یانەکانی قوه‌ی جەویە، تەڵەبە و کارەبای بەغدا ئۆفه‌رییان پێشكه‌ش كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه ژیار ده‌ڵێت: من ساڵێک لە گرێبه‌سته‌كه‌م لەگەڵ دهۆک ماوە، له چه‌ند رۆژی داهاتوو لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانه‌كه‌م دادەنیشم و داهاتووی خۆم یەکلا دەکەمەوە.
به نیازه یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بكات؟
ژیار گۆڤه‌ند له رێگه‌ی كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات كه یانه‌ی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی پێوه‌كردووه، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی یانه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه.
ژیار له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌ولێر تیپی شاره‌كه‌مه، ئاساییه ره‌نگه رۆژێكدا بێت درێسی ئه‌و یانه‌یه بپۆشێت، به‌ڵام بۆ ئێستا هیچ پلانێكم نییه، تا وه‌كو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك دانه‌نیشم وه‌ڵامی هیچ ئۆفه‌رێك ناده‌مه‌وه، چونكه به‌بێ ره‌زامه‌ندی یانه‌ی دهۆك ناتوانم له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌ك گفتووگۆ بكه‌م و ده‌مه‌وێت رێز له‌و گرێبه‌سته بگرم كه له نێوان من و دهۆك دا هه‌یه.
په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه بۆ هاتووه
ژیار گۆڤه‌ند له وه‌ڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24، هێمای بۆ ئه‌وه كرد له چه‌ند لایه‌كه‌وه په‌یامی له لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه پێگه‌یشتووه. ده‌شڵێت: بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ کردووم، بەڵام نازانم دواجار ناوم لە لیستی کۆتایی دەبێ کە خیسۆس کاساس راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ یارییه‌كانی پاڵاوتنی مۆندیال رایدەگەیەنێت.
له چه‌ندان یاریی به پێكانه‌وه یاریی كردووه
ژیار گۆڤه‌ند له به‌رسیڤێكی دیكه‌دا، نایشارتهوه له چه‌ندان یاریی ئه‌م وه‌رزه به پێكانه‌وه یاریی بۆ دهۆك كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: دوای ئەوەی تووشی پێکان بووم، دەبوایە لانیکەم سێ مانگ پشوو بدەم، بەڵام بە کەمتر لە دوو مانگ گەڕامەوە، هۆکارەکەشی پێویستی یانەی دهۆک بووه، بەم هۆیەوە لە زۆر یاریدا بەهۆی ئازاری پێکانەکەم ناڵاندوومە و نهمدركاندووه.
2 خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
ژیار گۆڤه‌ند له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایده‌گه‌یه‌نێت دوو خه‌ونی هه‌یه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئاواته‌خوازم رۆژێكدا بێت به درێسی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌م كوردستان هاوشێوه‌ی وڵاتانی دیكه به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌م. خه‌ونی دووه‌میشم یاریكردنه بۆ یه‌كێك له خوله گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپا.
خۆشی و ناخۆشییه‌كانی له‌گه‌ڵ دهۆك و برایه‌تی بووه
ژیار گۆڤه‌ند نازناوی خولی نایابی كوردستان و جامی كوردستانی له‌گه‌ڵ برایه‌تی برده‌وه، له‌گه‌ڵ یانه‌ی دهۆكیش له خولی پله‌یه‌كه‌وه بۆ نایاب سه‌ركه‌وت، له یه‌كه‌مین وه‌رزی له خولی نایابی عێراق به‌هۆی پێكانه‌وه ته‌نیا به‌شداریی له 20 یاریی كرد، شه‌ش گۆڵ و پێنج ئاسیستی تۆمار كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه ژیار ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات یاریكردنی له‌م وه‌رزه به درێسی یانه‌ی دهۆك خۆشترین ساتەکانی ژیانی وه‌رزشیی بووه، ده‌شڵێت: ناخۆشترینیشم ئەوکاتە بوو کە لەگەڵ یانەی برایەتی به جیاوازی خاڵێک نەمانتوانی بگەینە نایابی عیراق.
ژیار گوتیشی: لە ژیانی وەرزشیمدا زۆر گۆڵی جوان و کاریگەرم تۆمار كردووه، بەڵام لای من جوانترین دوو گۆڵی كاروانی وه‌رزشیم ئه‌مساڵ بوو بەرامبەر کارەبا و زەوڕا.

2 باشترین راهێنه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت
ژیار گۆڤه‌ند له‌باره‌ی ئه‌و راهێنه‌رانه‌ی سه‌رپه‌رشتیان كردووه ده‌ڵێت: هەموو ئەو راهێنەرانهی كارم له‌گه‌ڵیان کردووه راهێنەری باش و لێهاتوو بوونە، رۆڵێشیان لەبەرەو پێشچوونی من هەبووە، به‌ڵام زیاتر له هه‌مووان له‌گه‌ڵ مەحموود مەجید و سلێمان ڕەمەزان ئاسوودە بوومه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كام یاریزان له نێو یاریگه زۆر ئاسووده بووه، ژیار یه‌كسه‌ر به‌بێ دوودڵی گوتی سه‌فین مه‌نسوڕ.
له‌مباره‌یه‌وه ژیار ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ سه‌فین مه‌نسوڕ له برایه‌تی زۆر ئاسوودە بووم، چونکە تا ئەندازەیەکی باش لەنێو یاریگا زۆربه‌باشی له‌یه‌كتر تێده‌گه‌یشتین و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوانماندا هه‌بوو، خۆشبه‌ختانه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ش خه‌ونی هانده‌رانی برایه‌تیمان كرده راستی و نازناوی خولی نایابی كوردستان‌مان به‌ده‌ستهێنا.
له‌باره‌ی باشترین یاریزانی کورد، ژیار پێیوایه شێرکۆ كه‌ریم یاریزانی یانه‌ی هه‌ولیر له‌گه‌ڵ رێوان ئەمین ناوه‌راستكاری دهۆك باشترینی ئه‌م وه‌رزه و ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن.
هیچ نهێنییه‌ك له‌پشت تاتۆیهكانی دا هه‌یه؟
ژیار گۆڤه‌ند یه‌كێكه له‌و یاریزانه به‌شداربووانه‌ی خولی نایابی عێراق زۆرترین تاتۆی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی نه‌خشاندووه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هیچ نهێنی و شتێكی شاراوه له‌پشت ئه‌و تاتۆیانهدا نییه، تەنیا یەک تاتۆ تایبەتە بە ژیانم، ئەوانی دیکە تەنیا بۆ جوانین و هیچ ڕاز و نیازێکی دیکەی لە پشت نیە.

هانده‌ری بارسێلۆنا و كریستیانۆیه
ژیار هاندەرێکی سەرسەختی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، زۆرجار له كاتی گۆڵتۆماركردن هاوشێوه‌ی ئه‌ستێره پۆرتوگالییه‌كه ئاهه‌نگ ده‌گێرێت و لاسایی ئەو یاریزانە دەکاتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە هاندەری یانەی بارسێلۆناشه.
ژیار هۆکاری هاندەربوونی بارسێلۆنا بۆ سەردەمی رۆناڵدینیۆ دەگەڕێنێتەوە، ده‌شڵێت: رۆناڵدینیۆ وایکرد زیاتر تۆپی پێم خۆش بووێ، من به منداڵی به هەموو شتێکی جادووگەرە به‌رازیلییه‌كه سەرسامبووم، له‌و رۆژه‌وه بوومه هانده‌ری بارسێلۆنا، بەڵام کریستیانۆش له‌ڕووی تێکۆشان و کۆڵنەدانهوه نموونه‌ی باڵای منه، دۆن وایكردووه به پێشه‌وای خۆمی بزانم و ببمه هانهدهرێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌و یاریزانه.
