"ئالڤێس رزگاری نه‌بوو، 10 ساڵ زیندانی ده‌كرێت"

دوای 15 دانیشتنی دادگا، دادگای باڵای بارسێلۆنا بە فەرمی ڕایگەیاند کە دانی ئەلڤێسی بەڕازیلی نه‌یتوانیوه خۆی له تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی رزگار بكات، بۆیه پێویسته قه‌ره‌بووی دارایی ئه‌و كچه بكاته‌وه و پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت سزایه‌كی قورسی زیندانی به‌سه‌ردا بسه‌پێت.
دادگا بڕیاریداوه چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو دانیشتنێكی دیكه له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه‌ی دانی ئالڤێس ئه‌نجام بدرێت، له‌و دانیشتنه بڕی پێبژاردن و ژماره‌ی ساڵه‌كانی زیندانیكردنی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه.
دادگا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه ئالڤێس ئه‌و قسانه‌ی له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا كردووه راست نه‌بووه كه گوایه ئه‌و كچه به خواستی خۆی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئالڤێس به‌ستووه.
به گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی دادگای باڵای شاری بارسێلۆنا بڵاوی كردووه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئالڤێس ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ، ره‌نگه ئه‌و یاریزانه به‌رازیلییه بۆ ماوه‌ی 4 تا 12 ساڵ زیندانی بكرێت.
دادگا ئالڤێس ناچار ده‌كات به پێدانی بڕی 150 هه‌زار یۆرۆ وه‌كو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه ده‌روونی و ئه‌خلاقییه‌ی به‌هۆی هه‌ڵسوكه‌وتی یاریزانه به‌رازیلییه‌كه به‌رامبه‌ر ئه‌و كچه كراوه.
پۆلیسی بارسێلۆنا له‌وه‌ته‌ی مانگی 1ـی ساڵی رابردوو دانی ئەلڤێسی له گرتووخانه‌ی "برانس" لە سانت ئیستیڤ له شاری بارسێلۆنا ده‌ستبه‌سه‌ره.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئالڤێس سێ‌جار له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا رایگه‌یاندووه كه ئه‌و كچه به خواستی خۆی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دروست كردووه، به‌ڵام دادگا ڕەتیکردەوە ئەلڤێس ئازاد بکات، یه‌كه‌میان له‌به‌رئه‌وه‌ی کە کەسێکی ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیایه و خاوەنی بڕە پارەیەکی زۆرە، ڕەفتارەکانیشی نائاساییە.