كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر بۆ كوردستان24: پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنه‌كان دەکەین

K24 – هه‌ولێر:

کونسڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەولێر لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان 24 رایگەیاند، پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەن و هیواخوازن هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن لە پێناو ئەوەی خه‌ڵك نوێنەرەکانی خۆیان بۆ داهاتوو هەڵبژێرن.

ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمه‌ریكا لە هەولێر به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هەر وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، ئێمە هیواخوازین و چاومان لەوەیە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن، بۆ ئەوەی خەڵک هەلی ئەوەیان هەبێت نوێنەری داهاتوویان هەڵبژێرن."

پێشتریش ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو، بە بەردەوامی هەولێر و بەغدامان هانداوە لەسەر چەند بابەتێک کە بەرژه‌وەندی هاوبەش لەخۆدەگرێت، رێکبکەون، وەک بودجەیەکی گونجاو و یاسای نەوت و گاز.

میلەر باسی له‌وه‌شكرد، لە هاندانی لایەنه‌ عێراقییه‌كان بەردەوام دەبین، تا رێگەیەک بۆ بەرەوپێشچوون دیاری بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی 25ـی مانگی شوباتی 2024یان خستووەتە بەردەم لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

پێشتریش دڵشاد شهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر فەرمانی نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەمەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه 2023/7/26، شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، تێیدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە.

 

Fly Erbil Advertisment