محەممەد شیاع سوودانی: سبەی کۆبوونەیەکی گرنگ تایبەت بە یاسای نەوت و غاز ئەنجامدەدرێت

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە ئامادەبوونی هێزە سیاسییەکان و شاندی تەکنیکی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵی و سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی یاسایی لەبارەی یاسای نەوت و غاز ئەنجام دەدرێت.
رۆژی سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە، بۆیە سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و گرنگ لەوبارەیەوە ئەنجام دەدرێت.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر گفتوگۆکان لەبارەی رەشنووسی یاساکە کراوە بەڵام لەگەڵ لیژنە تەکنیکییەکاندا، پێویستی بە بڕیاری سیاسی و یاسایی هەیە، بۆیە لە کۆبوونەوەی سبەیدا نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان و شارەزایانی یاساییش ئامادە دەبن، بۆ ئەوەی بگەنە دەقی کۆتایی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز و دواتریش لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندبکرێت و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا رۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان 55 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و پاڵاوگەکان، بۆ حکومەتی فیدراڵی دەنێرێت و لە داهاتوودا ئەو بڕە زیاتر دەبێت.
دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە و چەندین شاندی فەرمی لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چوونەتە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاساکە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.
لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
خاوەندرایەتی سەرچاوە نەوتییەکان و دۆسیەی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان، لە خاڵە سەرەکییەکانی یاسای نەوت و غازی فیدراڵین و کە زۆرترین گفتوگۆشی لەبارەوە کراوە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
هاوکات بە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش، کاریگەری لەسەر سەرجەم چالاکییە نەوتییەکان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، بەهۆی ئەوەی هەموو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە گەڕان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، جیاکردنەوەی پێکهاتەکان و پرۆسەی کۆکردنەوە، هەڵگرتن، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەو یاسایەدا رەچاوی سەرجەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هەروەها هەموو ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە دوو قۆڵی یان زیاتر ئەنجامیداوە، رەچاو دەکرێت، دوای پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.
ئەوەی هەرێمی کوردستانیش جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان کە رێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و غاز هەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەسەڵاتی ئەودایە، هەربۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دواخراون، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە یەکلاکرایەوە و هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن.
لە 9ـی ئابی 2007ـدا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007: "یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2013 بڕی 57 گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێكتەرە پشتی بە مادەکانی 111، 112، 115 و 121ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێمی کوردستان.
لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2013ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و غازدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان کردەوە.
ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام هیچ کات رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێنەکراون.
لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکومەت هەنگاوی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی رەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.
دوای بەردەوامی هەوڵ و گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا و یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لە (11ـی کانوونی دووەمی 2023) دوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی، دوای ئەوەش لە (14ـی ئاداری 2023)ـش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد، کە ئەمانەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.