عەلی عەباس : نزیکەی 50 پارت و لایەنی سیاسی تۆمارکراون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

عەلی عەباس، گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان
عەلی عەباس، گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایدەگەیەنێت، رێکارەکان زۆر بەباشی بەڕیوەدەچێت و پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک دەستیپێکردووە، هاوکات گوتیشی: نزیکەی 50 پارت و لایەنی سیاسی لە کەرکووک تۆمارکراون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

عەلی عەباس، گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، تاکوو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک تۆمارنەکراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

هاوکات راشیگەیاند، رێکارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش دەستی پێکردەوە و هاووڵاتییان زۆر بە چڕی بەشداری دەکەن لە نوێکردنەوەی تۆمارەکانیان لە پارێزگای کەرکووک.

ئاماژەی بەوەشدا، 13 هەزار دەنگدەری نوێ لە کەرکووک تۆمارکراون.

گوتەبێژی ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نزیکەی 50 پارت و لایەنی سیاسی لە کەرکووک تۆمارکراون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

لەبارەی پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردن، عەلی عەباس گوتی: هیچ ساختەکارییەک روونادات و هەڵبژاردن زۆر بە شەفافی بەڕێوەدەچێت، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 زۆر بە شەفافی بەڕێوەچوو ، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی.

گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنە بە کارتی بایۆمەتری بەڕێوە دەچێت، بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی ساختەکاری تێدا نییە، تەنها بە کارتی بایۆمەتری دەنگ دەدرێت.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی 6ـی ئابی دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.

Fly Erbil Advertisment