بازرگانێک: نرخی برنج لە هەرێمی کوردستان بەرز نابێتەوە

K24 – هەولێر

بەهۆی قەدەغەکردنی هاوردەی جۆرێک لە برنجی هیندستانەوە بۆ هەندێک وڵات نرخی برنج لە زۆربەی وڵاتان بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کاریگەری نەبووە و نرخی برنج جێگیرە.

بەختیار سەلیم، ماوەی 30 ساڵە بازرگانی برنجە بە کوردستان24ی راگەیاند، بەرزبوونەوەی برنج لە زۆربەی وڵاتان بەهۆی قەدەغەی هاوردەی برنجی هیندستان، کاریگەری لەسەر نخ نەبووە لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: "ئەو جۆرە برنجەی قەدەغە کراوە بە هیچ شێوەیەک هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکرێت، بۆیە کاریگەری لەسەر نرخ نەبووە".

ئاماژەی بەوەشدا: "قەدەغەی هاوردەی ئەو جۆرە برنجە زیاتر پەیوەندی بە هەڵاوسانەوە هەیە لە هیندستان، هەروەها ترس لە گۆڕانی کەشوهەوا و کەم بارانی لە جیهان".

سەبارەت بە جێگرەوەی برنجەکەی هیندستان لە بازاڕەکانی جیهان، ئەو بازرگانە کوردە دەڵێت: "جێگرەوەی برنجی هیندستان لە بازاڕەکان برنجی پاکسانە دراوسێی ئەوە و برنجەکە هەمان کوالێتیە و نرخەکانیشیان نزیکە".

 بەختیار سەلیم، باسی لە بەرهەمی برنجی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت: "زۆربەی ئەو برنجەی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی ئاکرێ، دەشتی هەریر و بازیان بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام تائێستا ئەو جۆرە ئامێرەمان نییە کە ئەو برنجە بەشێوەیەکی باش ئامادە بکرێت".

دەشڵێت: "نرخی برنجی کوردی بۆیە گرانە چونکە بەشێکی زۆری لەکاتی کۆکردنەوە و بردنە ئاش دەشكێت، بۆ بە براندکردنی برنجی کوردی دەبێ حکومەت و جووتیاران پێکەوە کاری لەسەر بکەن و رێگەش نەدەن هیچ جۆرە برنجێک تێکەڵ بە برنجی کوردی بکرێت و بە باشی بەرهەم بهێنرێت".

Fly Erbil Advertisment