بڕی 598 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران گەیشت

K24 – هەولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕی 598 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی 2ی ئابی 2023، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کرد، ئەمەش دوای هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن و دانوستان لەسەر یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "رێکارەکانی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت 906 ملیار دینار بچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، رێکارەکانیش کاتی زۆری ناوێت، چونکە ئەلیکترۆنییە و ئەمڕۆ جیىەجێ دەکرێت".

دەشڵێت: "هەر کاتێک پارەکە بگات، دەتوانین لە ماوەی چوار رۆژدا مووچە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین".