نەتەوە یەکگرتووەکان: رووسیا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە

K24 - هەولێر
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان سەبارەت بە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد رایگەیاند، ئەمەریکا دەزانێت رووسیا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان سەبارەت بە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای رەشدا، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان لەو بارەیەوە نەبینیوە.
رووسیا لە 17 ی مانگی حەوتدا، لە رێکەوتنی هەناردەی دانەوێڵە کشایەوە، گوتیشی: " ئەگەر رووسیا بیەوێت پەین بگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و ئاسانکاری بکات بۆ مامەڵە کشتوکاڵییەکان، ئەوا دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو رێککەوتنە".
گوتیشی: "ئێمە ئاماژەمان بەوە کردووە کە لەوانەیە گرنگی بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان بدەن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین تا بزانین چەند ئەگەری ئەوە هەیە".
رێککەوتنەکە کە لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوودا، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە ئەنجامدرا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی بە کردنەوەی دەرگایەک بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کە ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە رێگەی بەندەرەکانی دەریای رەشەوە رێگرییان لێکردووە.
مۆسکۆ داوای جێبەجێکردنی بەشێک لە رێکەوتنەکە دەکات، کە مسۆگەری دەستگەیشتن بە دانەوێڵەی روسیا و پەین دەکات بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام لەبەر سزاکانی رۆژئاوا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە بەو هۆیەوە هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا وەستاوە.