سابات و ساوێن شەقامەکانی کەنەدا پڕ دەکەن لە میوزیکی کوردی

K24 - هەولێر
سابات و ساوێن، ئەو جووتە خوشکەی، کە ساڵانێکی زۆرە وەک میوزیکژەن و گۆرانیبێژ لە ناوەندە هونەرییەکاندا وانەی هونەری میوزیکی دەگوتەوە، ئێستاش لە وڵاتی کەنەدا نیشتەجێن و رۆژانەش بە ئاواز و میوزیکە کوردی و بیانییەکان ئەو وڵاتەیان پڕکردووە لە گۆرانی و ئاوازی رەسەن.
ساوێن لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئامانجی ئێمە لە ئەنجامدانی ژەنینی میوزیک لەسەر شەقامەکاندا، بڵاوکردنەوەی کولتوور و میوزیکی کوردییە لەم وڵاتە و دەمانەوێ بە ریتمە کوردییەکان بە کەنەدییەکان بڵێین ئێمە خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەندین لە موزیک و گۆرانی رەسەندا، بۆیە خۆم خوشکە هونەرمەندەکەم لە کاتی پشووەکانماندا بە ئامێرە موزیکییەکان دڵی کەنەدییەکان بە لای گۆرانی کوردی دا رادەکێشین".
ساوێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەش دا، "کەنەدییەکان گەلێکی هونەردۆست و عاشق بە هونەرن و زۆریش حەز بە بیستنی ئاوازی بیانی دەکەن و زۆرجاریش سەرسامی خۆیان بۆ جلە کوردییەکانمان دەردەبڕن".