ئەیوب عەلی زنجیرە ئاهەنگێک ساز دەکات و دوو گۆرانیش کلیپ دەکات

K24 - هەولێر:
هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەیوب عەلی بە مەبەستی چەند پڕۆژەیەکی هونەرییەوە گەڕایەوە کوردستان و دەیەوێت لەم سەردانەیدا دوو گۆرانی کۆنی ئەلبوومەکانی پێشووی کلیپ بکات و ئامادەکاریی بۆ زنجیرەیەک ئاهەنگی گۆرانی بکات.
لە یەکەم دیداریشدا دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: گەڕانەوەم بۆ کوردستان و هەولێری پایتەخت، گەشتێکی هونەرییە، کە دابەش بووە بەسەر وێنەگرتنی دوو کلیپی گۆرانی و سازدانی زنجیرە ئاهەنگێک لەم شاره.
گوتیشی: دواتر بەشدار دەبم لە پڕۆگرامێکی هونەری منداڵاندا و وەک دادوەرێک هەڵسەنگاندن بۆ دەنگە شاراوەکانی منداڵانی بەشداربوو لە پڕۆگرامەکە دەکەم، پاشان لە کەناڵێکی کوردی ئەم پڕۆگرامە پەخش دەکرێت و ئامانجیش لەم کارە هونەرییانەدا دەستکردنەوەیە بە خزمەتکردنی هونەری گۆرانی کوردی و پێگەیاندنی نەوەیەکی میوزیک دۆستە لە کوردستاندا.