ئەردەلان ئەحمەد: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ رەتکردنەوەی سکاڵای چەند پەرلەمانتارێکی کورد تەواو یاسایی بوو

ئەردەلان ئەحمەد، پارێزەر
ئەردەلان ئەحمەد، پارێزەر

K24 – هەولێر:

پارێزەرێک رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە جێگەی خۆی بوو بۆ رەتکردنەوەی سکاڵای ئەو شەش پەرلەمانتارە کوردە، هاوکات گوتیشی: بۆیە سکاڵاکە رەتکرایەوە چوونکە ناکەوێتە ژێر هیچ تایبەتمەندییەکی ئەو دادگایە.

ئەردەلان ئەحمەد، پارێزەر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، دادگای فیدراڵی داوایەکی شەش کەسی رەتکردووەتەوە، کە بە داوای ژمارە 63 لە ساڵی 2023 تۆماریان کردووە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەوەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2021 پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

هاوکات راشیگەیاند، بڕیارەکە بۆیە رەتکراوەتەوە چونکە ئەو بابەتەی کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە ناکەوێتە ژێر تایبەتمەندی جۆری دادگای فیدراڵی، لەبەر ئەوەی ماددەی چوار لە یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی دادگای فیدراڵیدا تایبەتمەندییەکانی ئەو دادگایەی دیاریکردووە بە نۆ بڕگە، ئەو بابەتەی کە لە سکاڵاکە هاتووە ناچێتە ژێر هیچ یەک لەو نۆ بابەتەی کە وەک تایبەتمەندی ددگای فیدراڵی دیاریکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، "وەڵامی دادگای فیدرالی لە جێگەی خۆی بوو، سوپاس بۆ خوا ئەمجارە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بێ لایەنی پێوە دیار بوو و بڕیارەکەی تەواو یاسایی بوو".

ئەو پاریزەرە دەشڵێت: هیچ کەسێکی دیکە بۆ لەمەودوا بۆی نییە تانە لەو بڕیارە بدات و یانیش سکاڵای هاوشێوە تۆمار بکات لەسەر ئەو بابەتە، چونکە دادگای فیدراڵی بەیەکجاری کۆتایی بەو بابەتە هێنا".

ئەردەلان ئەحمەد، گوتی: "جێگای داخە خەڵکێکی کورد و پارتێکی کورد لە بەغدا، بچێت سکاڵا  لە دژی حکومەتەکی خۆی تۆمار بکات، هیوادارم ئەم رەتکردنەوەیە ببێتە وانەیەک کە هیچ کوردێکی دیکە تانە لە حکومەتەکەی خۆی نەدات، چونکە ئەوەی کە کورد دەیەکەن دژی حکومەتەکەی خۆیان لاوازکردنی پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

گوتیشی: سەرەڕای ئەوە دوو داوای دیکە هاوشێوە لەسەر حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی کە تۆمارکرابوو رەتکراوەتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دادگای باڵای فیدراڵ له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و داواكارییه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ و چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێی، لەبارەی پاشەکەوتی مووچە رەتکردەوە و له‌ نووسراوه‌كه‌ی دادگای فیدراڵدا هاتووه‌، بڕیاری ژماره‌ 61 له‌ 21/6/2020ی حكومه‌تی هه‌رێم تايبه‌ت به‌ پاشەکەوتی 21%ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەو داواکارییە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.